کۆڕی ١ رۆژیی دیالۆگی ناوخۆیی کوردان لە وڵاتی فینلاند، لەژێر ناوی کولتووری کۆمەڵایەتی کوردی و پرسی مافەکانی مرۆڤ، بە دەستپێشخەری یەکیەتی مافی مرۆڤی فینلاند و لە چوارچێوەی پرۆژەی بژار، لە رۆژی ١٩.١١.٢٠١١، لە شاری تامپێرێ، بەڕێوە چوو.
لە بەشی یەکەمی بەرنامەکاندا، نوێنەری یەکیەتی مافی مرۆڤی فینلاند، بە کورتی ئامانجەکانی کۆڕی دیالۆگی بۆ ئامادەبووان خستە روو، کە بریتی بوون لە گەشەدان بە کولتووری دیالۆگ، خستنەبەرباسی پرسەکانی مافی مرۆڤ و نەریتە زیانبارە کولتووریەکان.
دوواتر حوسەین موحەمەد، یاساناس و نووسەر و کەسایەتی ناسراوی وڵاتی فینلاند، باسێکی لەسەر یاساکانی فینلاند لە پەیوەندی لەگەڵ فرەکولتووری و مافەکانی تاک پێشکەش کرد. دوواتر لەلایەن رێزدار حەسەنی ئەیوبزادە (مامۆستا گۆران)، مافناس و دادوەری دادگاکانی کوردستانی ئێران، باسێکی بەپێزی لەسەر فتوا و ئایین و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردەواریی پێشکەش کرد.
لە بەشی دووهەمی کۆڕەکەدا، بۆ دیالۆگ کردن لەسەر کولتووری کۆمەڵایەتیی کوردی و نەریتە زیانبارەکانی، بەشداربووان بەسەر ٩ ڤۆرکشۆپی جیاجیادا بەش کران، کە لەلایەن کارناسانی بووارەکانی دەروونناسی، کۆمەڵناسی و یاساناسی و مافەکانی مرۆڤ سەرپەرشتی دەکران، لەوانە بەڕێزان: ئەحمەد ئەسکەندەری، مینا زەندکەریمی، عەلی خزری، نەسرین شاکەلی، فەرۆخ نێعمەتپور، پەروانە حەیدەری، د. رێبوار فەتاح، کوبرا کەریمی.
شایەنی ئاماژە پێکردنە، گروپی "سەمای با"، لە ناواخنی بەرنامەکاندا، بە چەندین پارچە موزیکی رەسەنی کوردی، کۆڕەکەیان زیاتر رازاندەوە.
هەروەها ئەندامانی یەکیەتی ژنان، چالاکانە لە ڤۆرکشۆپەکانی دیالۆگدا، بەشداریان کرد.
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران - فینلاند






