65ساڵ لەمەوبەر، چەند رۆژ دوای رێزگرتن لە 8ی مارس، لە ساڵی1324ی هەتاویدا، لە 24ی رەشەممەی ئەو ساڵەدا یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستان وەك یەكەمین رێكخراوی ژنان لە كوردستانی ئێران بە میتۆدێكی مودێرنو نۆژەن، لە سەر بناغەیەكی پتەوو بە خوێندنەوەیەكی وردو هەمەلایەنە لە سەردەمی كۆماری كوردستان دامەزرا.
بەم بۆنەوە گەرمترینو رازاوەترین پیرۆزباییەكانی خۆمان پێشكەش بە هەموو خەڵكی كوردستانو بەتایبەت ژنانی مافخوازی كوردو هەموو ئەندامانی یەكیەتیی ژنانی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران دەكەین.
شانازیی دامەزراندنی یەكیەتیی ژنانی دیمۆكراتی كوردستان لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی زێرینو بە شكۆی كۆماری كوردستان.
دامەزرانی رێكخراوەكەمان لە ئیستراتیژییەكی قووڵو گەورەوە سەرچاوەی دەگرت كە رێبەرانی كۆمارو بەتایبەت پێشەوا قازی محەممەد هەستیان بە پێویستی مێژووییەكەی كردبوو.
بارودۆخی سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتیو فەرهەنگی ئەو كاتی زاڵ بە سەر كوردستان، زاڵ بوونی نیزامی دەربەگایەتی، فیۆداڵیو خێڵەكیو دابو نەریتە دواكەوتووەكان ببوونە هۆی دواكەوتووی كوردستانو كاریگەرییان خستبوە سەر ژیانی خەڵك بە گشتی نەمازە ژنان.
لەو سەردەمەدا بە هۆی هێندێك ئاڵوگۆری قووڵو گەورە لە ئاستی نێونەتەوەییو ناوچەییو بەتایبەت لە ئێراندا، كوردەكان دەسەڵاتێكیان لە بەشێك لە خاكی كوردستان بە ناوی كۆماری كوردستان دامەزراند تاكوو كۆتایی بەو رۆژ رەشیو دۆخە نالە بارە بێنن كە ژیانی خەڵكی لە هەموو ئاستەكاندا تاڵو ناخۆش كردبوو.
پێشەوای بلیمەتی كورد قازی محەممەد بە بیری تیژو رامانە ئینسانیو پێشكەوتنخوازانەی خۆی، بوونی رێكخراوەێكی تایبەت بە ژنانی بە پێویستی یەكی مێژوویی دەزانیو بە هەست بەو راستییە كە نەخوێندەوار مانەوەی ژنانو چالاك نەكردنیان مەترسییەكی گەورەو جیددی بۆ مانەوەی دۆخی نەریتیو دواكەوتووانەی پێشوو دەبێ، هەر بۆیە بەستێنەكانی دامەزراندنی رێكخراوێكی ژنانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە ژێر دەسەڵاتداریەتی ئەو كۆمارە ئامادە كراو یەكیەتیی ژنانی دیمۆكراتی كوردستان، 52 رۆژ پاش دامەزرانی كۆماری كوردستان بە فەرمی راگەیاندراو تێكۆشانی دەستی پێكردو هاوسەری بە وەفای پێشەوای بلیمەتی گەلەكەمان,مینا خانمی قازی وەك بەرپرسی یەكیەتیی ژنان دیاریكراو بۆ یەكەمین جار لە مێژووی سیاسی كوردا، ژنانی كورد بوون بە خاوەن ئۆرگانیزاسیۆنێكی دیمۆكراتو یەكسانیخواز لە نێو كۆمەڵگای كوردستان دا.
یەكیەتیی ژنانی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران وەك بەشێك لە جووڵانەوەی ئازادیخوازانەو مافخوازانەی كوردستان، پاش رووخانی كۆماری كوردستان، بە پێی هەلو مەرجو بارودۆخو قۆناغەكانی خەبات، ئەركو رەساڵەتی مێژووییو كۆمەڵایەتی خۆی بە جێ هێناوەو لەو كاتەوە تا ئێستا، بە شێوەیەكی بەر بڵاو لە پێناو دەستبەر بوونی مافو ئازادییە نەتەوەیەكانیانو دابین بوونی مافی ئینسانیو دیمۆكراتیكەكانی ژنانو یەكسانی لە كۆمەڵگادا تێكوشاونو درێژەدەریی ئەو رێبازەن.
ئەگەر كۆسپو ئاستەنگەكانی بەردەم ژنانی كۆمەڵگەكەمان زۆرن، بەڵام ئاواتو ئۆمیدەكانی تاك بەتاكی ئەگەرچی بچووكیش بێت بە یەكگرتوویی دەبێتە حەرەكەتێكی مەزەنو بەر فراوان لە بەرانبەر تاریكیو كۆنەپەرەستیدا. ئێمە لە سەرئەو باوەرەین كە خۆزگەو هیواكانمان، كۆڵنەدانو خۆراگریمان، دەبێتە هۆی بەردەوامبوونو پتەو بوونی هەنگاوەكانمان لە خەباتی رەواو بە حەقمان كە جێگر كردنی دیمۆكراسیو دامەزراندنی سیستمێكی دیمۆكراتیكە.
یەكگرتووییو هاوخەباتیو هاو پێوەندیی هێزو رێكخراوەكانی داكۆكیكەری مافی ژنانو هەموو مرۆڤە یەكسانیخوازو دیمۆكراتەكانو هاتنە مەیدانی ژنان، رەمزی سەركەوتنو گەیشتن بە ئامانجەكانمانە.
بەرزو پیرۆز بێت 24ی رەشەممە، 65هەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی یەكیەتیی ژنانی دیمۆكرا تی كوردستانی ئێران
بژی ئازادیو یەكسانی
یەكیەتیی ژنانی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران
كومیتەی بەرێوەبەریی گشتیی
24ی رەشەممەی 1389 هەتاوی






