لە رۆژانی ٥ و ٦ ی مارسی ٢٠١١ی زاینییدا کۆمیتەی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند لە دوو شاری یوڤاسکولا و تورکو لە رۆژانی ٥ و ٦ ی مارسدا دوو سیمیناری تایبەتی بەم بۆنەوە رێکخست بۆ بەڕێز خاتوو پەروانە حەیدەری بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی ژنان لە دەرەوەی وڵات و راوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی حدکا.
لەم دوو سیمینارەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی ئەم شارانە بەشداربوون خاتوو پەروانە حەیدەری لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی "کۆچبەران و کۆمەڵگەی نوێی نیشتەجێبوون و بزووتنەوەی ژنان" باسێکی تۆکمە و وردی لەسەر هەردوو تەوەری بابەتەکان پێشکەشکرد، بە تایبەتی کێشەی کۆچبەران وە ژنان بە تایبەتیتر لە پەیوەندی لەگەڵ رووبەرووبوونەوە لەگەڵ گرفتەکانی کۆمەڵگەی نوێی ژیان و پەروەردەی خێزانیی و منداڵ لە نێوان دوو فەرهەنگ و کولتووری جیاوازدا. پاش باسەکەی خانمی حەیدەری بەشدارانی سیمینار لە شاری یوڤاسکولا بە شێوەی ۆرکشۆپ لایەنەکانی ئەرێنی و نەرێنیی ئەو پرسە گرنگەیان، ئەژمارکرد و خستیانە بەرباس و گفتووگۆ. هەروەها لە شاری تورکو بەشداربووان بە دەربرینی بیروبۆچوونەکانی خۆیان لەمەر ئەو بابەتانە، باسەکانی سیمینارەکەیان دەوڵەمەندترکرد وە وەڵامی پرسیارەکانی بەشداربووان لەلایەن خانمی حەیدەرییەوە درایەوە.
هەر بە بۆنەی یادی ٨ ی مارس، کۆمیتەی گشتیی حیزب و یەکیەتییەکانی لاوان و ژنان پەیامی پیرۆزبایی خۆیان پێشکەشکرد و هەروەها لە ناوەرۆکی بەرنامەکاندا لە شاری یوڤاسکولا دڵسۆز یاری و لە شاری تورکو کەژاڵ نەقشبەندی دوو هۆنراوەیان بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد.
ئەم سیمینارانە کە هەریەکەیان زیاتر لە ٧ کاتژمێری خایاند لە نێو خۆشی بەشداربوواندا کۆتایی پێهات و رۆژی ٨ی مارس پێشاو وپێش پیرۆزکرا.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ فینلاند
7.3.2011






