ئێستفان هارپێر سه‌رۆک وه‌زیرانی کانادا، گوتوویه‌تی، به بن‌به‌ست گه‌یشتن و بێ‌ئاکام مانه‌وه‌ی دانووسان و وتووێژه‌کانی وڵاتانی رۆژئاوا له‌گه‌ڵ ئێران، ئه‌و رێژیمه گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه بۆ ته‌ناهی و ئاشتیی جیهانه.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵی ماڵپه‌ڕی ده‌نگی ئه‌مریکا، سه‌رۆک وه‌زیرانی کانادا، رێکه‌وتی 15ی به‌فرانبار له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ رادیۆ "ئالبێرتا"، تیشکی خسته سه‌ر گرژی و ئاڵۆزییه‌کانی که‌نداوی فارس و هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی و وڵاته‌که‌ی ده‌ربـڕی.
نابراو گوتی: "سه‌باره‌ت به هه‌ڕه‌شه‌ی رێژیمی ئێران بۆ سه‌ر ته‌ناهی و ئاشتیی جیهان هیچ دوڕدونگییه‌ک له گۆڕێ‌دا نییه و له روانگه‌ی منه‌وه رێژیمی ئێران گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه بۆ ته‌ناهی و ئاشتیی نێوده‌وڵه‌تییه".
هارپێر گوتوویه‌تی، هیچ دوڕدونگییه‌کی تێدا نییه که ویستی ئێران چه‌کی ناوکییه و ئاماده‌شه که‌ڵکی لێوه‌ربگرێت.
له‌حاڵێکدا که گه‌مارۆی ئابووریی رێژیمی ئێران به مه‌به‌ستی پێشگیری له‌و رێژیمه له‌مه‌ڕ هه‌وڵدان بۆ ده‌ست پێڕاگه‌یشتن به چه‌کی ناو‌کی ئه‌نجام دراون، ئێران له کرده‌وه‌یه‌کی تۆڵه ئه‌ستێنه‌رانه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی ته‌نگه‌ی هورموزی کردووه.
هارپێر گوتوویه‌تی، هه‌ڵوێستی ئێران له‌هه‌مبه‌ر ته‌نگه‌ی هورموز ده‌رخه‌ری مه‌ترسیدار بوونی جیدیی رێژیمی ئێران له سه‌ر جیهانه.
ناوبراو به کاریگه‌ر زانینی گه‌مارۆکان له‌سه‌ر رێژیمی ئێران، پێداگریی کردۆته‌وه که کانادا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانی خۆی درێژه به گه‌مارۆکان ده‌دات.
هارپێر رایگه‌یاندووه، "وڵاتانی رووسیه و چین، که هه‌میشه دژی به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی ناوکیی ئێران بوون، به فام کردنی مه‌ترسیدار بوونی ئه‌و رێژیمه، په‌یوه‌ست به کۆمه‌ڵگای جیهانی بوون.
ک/مــــــــیدیا


