ک/مـــــــیدیا: 60 هاووڵاتیی کوردی خه‌ڵکی ورمێ، که زۆربه‌یان خوێندکارن، له‌مه‌ڕ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی کۆمه‌ڵکوژ کردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی کورد له‌لایه‌ن ئه‌رتشی تورکیه‌وه، به‌ده‌ستی هێزه‌کانی رێژیمی ئێران ده‌سبه‌سه‌ر کران.
به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵده‌ریی هرانا، رۆژی سێ‌شه‌مه رێکه‌وتی 13ی به‌فرانباری 1390ی هه‌تاوی، هیزه نیزامییه‌کانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، 60 هاووڵاتیی کوردی خه‌ڵکی ورمێ‌یان به تۆمه‌تی به‌شداری کردن له کۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له‌هه‌مبه‌ر کۆمه‌ڵکوژیی ئه‌رتشی تورکیه له‌به‌ر ده‌رکی کونسووڵخانه‌ی ئه‌و وڵاته له شاری ورمێ، ده‌سبه‌سه‌ر کرد.
هاووڵاتییانی ده‌سبه‌سه‌رکراو له دژی هێرشی فـڕۆکه شه‌ڕکه‌ره‌کانی ئه‌رتشی تورکیه له به‌ره‌به‌یانی 8ی به‌فرانباردا که بووه هۆی کوژرانی 35 هاووڵاتیی کوردی کوردستانی تورکیه، ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان ده‌ربـڕی بوو.
ده‌سبه‌سه‌ر کراوه‌کان بۆ ده‌سبه‌سه‌رگه‌ی هێزی ئینتیزامیی شاری ورمێ راگوێزران.
له خۆپیشاندانه‌کانی کورده‌کانی تاران‌دا له‌هه‌مبه‌ر کۆمه‌ڵکوژیی ناوچه‌ی شرناخی کوردستانی تورکیه 7 هاووڵاتی دیکه‌ش ده‌سبه‌سه‌ر کران.


