ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران!
بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی شه‌هیدان و زیندانییانی سیاسی!
به‌شداربووانی رێوڕه‌سمی 26ی سه‌رماوه‌ز، رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان!
سڵاوتان لێ بێ
پیر‌وز بێ 26ی سه‌رماوه‌ز، روژی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و به‌تایبه‌ت له كادر و پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران. ئه‌مڕۆ لێره‌دا له ده‌وری یه‌ك كۆبووینه‌ته‌وه بۆ رێزگرتن له مرۆڤگه‌لێك كه مهشعهلدار و پێشه‌نگی خه‌باتی گه‌له‌كه‌یانن، فیداكار و كۆڵنه‌ده‌ر و پێشره و پێشه‌نگ و رێپیشانده‌ری رێگای ئازادی و سه‌ربه‌ستی و خه‌باتگێڕانی دژی چه‌وسانه‌وه و گیانبهختكهرانی رێگای ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، به ئاگاهی و هه‌ست به به‌رپرسایه‌تییه‌وه ئه‌و رێگایه‌یان هه‌ڵبژاردووه و له هه‌موو مێتۆده‌كانی خه‌باتی سه‌رده‌میانه بۆ گه‌یشتن به ئازادی و رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ڵك وه‌رده‌گرن و به بێ راوه‌ستان تێده‌كۆشن.
هه‌ر بۆیه كاتێك له كۆر و كۆبونه‌وه‌كان له شوێنه تایبه‌تییه‌كان ناوی پێشمه‌رگه دێته به‌ر باس، قه‌ڵافه‌تێكی شۆڕشگێرانه و ماندوونه‌ناسانه و دوژمنڕووخێن دێته به‌ر چاوی خه‌ڵك.
به شوروشهوق و خۆشه‌ویستی، به هیوای رزگاری و ئازادی و داهاتویه‌كی گه‌ش ده‌ڕواننه رێچكه و رێبازه‌كه‌یان.
پێشمه‌رگه وا له نێو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا جێگه‌ی خۆی كردووه‌ته‌وه و ریشه‌ی قایم و موحكه‌م كرددوه كه وه‌ك دارێكی ریشهفراوان و به‌هێز، به لق و پۆیهكی به‌ربڵاوه‌وه رۆژ به رۆژ ئه‌م ریشه‌یه به‌هێز و جێگیر و لقوپۆپهكانی پڕپۆشترو گه‌شاوه‌تر ده‌بێ.
ئه‌م داره به‌نرخه كه له لایه‌ن گه‌له‌كه‌یه‌وه ئاویاری ده‌كرێ، هه‌رده‌م له زیادبوون و گه‌شه‌كردندایه و هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان له ژێر سێبه‌ری ئه‌م گهورهداره به‌هره‌مه‌نده‌دا ده‌حه‌سێته‌وه.
ئه‌مه به‌رهه‌می هزر و ئه‌ندیشه‌ی دامه‌زرێنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، واته حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانه كه هه‌نووكه‌ش ناوی پڕ له شانازی هێزی ڕزگاریده‌ری گه‌لی كورد، واته هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆته هێمای به‌رخۆدان و خۆڕاگری و ئازادی له ئاستی بیروڕای گشتی جیهاندا.
پێشمه‌رگه ته‌نیا چه‌كدارێكی ئاسایی نیه به‌ڵكوو مامۆستایه‌كی زانكۆ و دیپلۆماتێكی به‌توانایه، رووناكبیرێكی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رده‌مه كه توانیویه‌تی ئێش و ئازار و كێشه‌ی گه‌له‌كه‌ی بباته نێو كۆر و كۆمه‌ڵه جیهانییه‌كان و ببێته تریبۆنێك بۆ گه‌یاندنی هاواری مافخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به بیروڕای گشتی جیهان.
ئه‌گه‌ر دوژمنانی گه‌لی كورد به چاوێكی دوژمنانه و دور له راستییه‌كان سه‌یری تایبه‌تمه‌ندییه به‌رزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان ده‌كرد و به شێوه‌یه‌كی چه‌واشه‌كارانه له بیروڕای گشتیدا پێشمه‌رگه‌یان پێناسه ده‌كرد، هه‌نووكه خه‌ڵك و ئازادیخوازان به ده‌ركی راستییه‌كان، به شێوه‌یه‌كی پراكتیكی پێشمه‌رگه پێناسه ده‌كه‌ن و پێشمه‌رگه بۆته ره‌مزی ئازادی و سه‌ركه‌وتن.
به‌رێزان!
باسكردن له‌سه‌ر مرۆڤگهلێَك كه هه‌موو ژیانی خۆیان له سه‌رده‌می لاویه‌تیدا كه باشترین ده‌ورانی ژیانه پێشكه‌ش به گه‌له‌كه‌یان كردووه، له ماوه‌یه‌كی كورت ناكرێ نرخی خۆی پێ بدرێ، هه‌رچه‌نده له‌سه‌ری بنوسرێ و بدوێی هێشتا بایی دڵۆپێك له به‌رانبه‌ر ده‌ریای بێكهرانی جه‌سته‌ی برینداری مرۆڤه بێنان و ئاوه‌كانی چیا سه‌ربه‌رزه‌كانی كوردستاندا نیه كه به شكۆیه‌كی مه‌زنه‌وه پارێزه‌ری كه‌رامه‌ت و شه‌رافه‌تی كوردستان و كورد ده‌كه‌ن.
له راستیدا چۆن وه‌سفی مرۆڤێك بكه‌ین كه له بن به‌ردێك یا له بن ده‌وه‌نێك و له‌ژێر ره‌هێڵه و ئاگری گولله‌ی بێئهمانی دوژمن‌دا، به ئیمانێكی پۆڵایینه‌وه ده‌ژی و هێرش ده‌كاته سه‌ر دوژمن و بیر له‌وه ناكاته‌وه داخۆ ئه‌گه‌ر بریندار بوو، كامه نه‌خۆشخانه و دوكتور چاره‌سه‌ری برینه‌كه‌ی ده‌كا یان پاش كۆتایی شه‌ڕه‌كه له كام شوێن ده‌حه‌سێته‌وه.
چۆن ده‌كرێ وه‌سفی ئه‌و مرۆڤه بكه‌ین كه له نێو به‌فری زستاندا په‌نجه‌كانی ده‌ستی به هۆی سه‌رما له ده‌ست داوه و ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ك چڕكهش له ناوی پڕ له شانازی پێشمه‌رگه په‌شیمان نه‌بۆته‌وه.
كێ ده‌توانێ هه‌ڵمه‌ت و خۆڕاگری و فیداكاری پێشمه‌رگه بنرخێنێ له كاتێك هێزێكی زۆری پۆشته و په‌رداختی دوژمنی به چۆكدا ده‌هێنا و پاشه‌كشه‌ی پێ ده‌كرد، هه‌رچی له‌سه‌ر گه‌وره‌یی و قارهمانیهتییهكانی پێشمه‌رگه بدوێین نرخی خۆی پێ نه‌دراوه و نادرێ، ئێمه له رۆژی رێزگرتن له پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا جێی خۆیه‌تی ئاماژه به چۆنییه‌تی ناودێركردنی ئه‌م رۆژه پیرۆزه بكه‌ین.
كومیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له پلینۆمی خۆیدا كه له رۆژانی 15-24ی گه‌لاوێژی 1363ی هه‌تاوی پێك هات، رۆژی 26ی سه‌رماوه‌زی به ناوی رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ناودێر كرد.
شانازی ئه‌و رۆژه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هێرشی رۆڵه قاره‌مانه‌كانی شاری مهاباد كه دڵسۆزانه هێرشیان برده سه‌ر شاره‌وانی ئه‌و شاره و له هێرشێكی لهخۆبوردووانهدا به دانی ته‌نیا شه‌هیدێك شاره‌وانی ئه‌و شاره‌یان گرت و ئاخرین دیارده‌ی چه‌كداریی حكومه‌تی پاشایه‌تییان تێكه‌وه پێچا و به‌و چه‌شنه، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری به‌شێك له كوردستان كه‌وته ده‌ست خه‌ڵك و هه‌ر له‌و رۆژه‌دا به ره‌سمی سوپای میللی بۆ پاراستنی ئه‌منییه‌ت و پارێزگاری له ده‌سكه‌وته‌كانی شۆرش و گه‌لی كورد دامه‌زرا.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وه‌ك داهێنه‌ری ناوی پێشمه‌رگه و دامه‌زرێنه‌ری هێزی پێشمه‌رگه و دیاریكه‌ری رۆژی پێشمه‌رگه، شانازی به‌و مێژووه و رابردووی پڕ له سه‌روه‌ری خۆی ده‌كات كه توانیویه‌تی له ماوه‌ی 66 ساڵی ته‌مه‌نی ئه‌م هێزه كوردستانییه‌دا، وه‌ك هێزی پارێزه‌ری كورد و كوردستان، به‌رده‌وام له گۆڕه‌پانی خه‌بات و تێكۆشاندا كۆڵنه‌ده‌رانه له به‌رانبه‌ر نه‌یارانی كوردستان خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خۆی درێژه پێ بدات، به یه‌ك ئاسۆ و روانینه‌وه چاو له قه‌واره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكات.
هه‌ر بۆیه له هه‌ر كام له پارچه‌كانی كوردستان و له هه‌ر حیزب و سازمانێك به ناوی پێشمه‌رگه‌وه، كه‌س یان كه‌سانێك له پێناو رزگاری نه‌ته‌وه‌ییدا خه‌بات و تێكۆشانیان كردبێت، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ناسرێت و رێز له خه‌بات و تێكۆشانیان ده‌گیرێت.
حیزبی ئێمه له ماوه‌ی زیاتر له شه‌ش ده‌یه له خه‌بات و تێكۆشانی خۆیدا له‌گه‌ڵ دوو رێژیمی كۆنه‌په‌ره‌ست و دیكتاتۆری پاشایه‌تی و كۆماری ئیسلامی خه‌باتی بێوچانی كردووه و هه‌نووكه‌ش بۆ گه‌یشتن به ئامانجی گه‌له‌كه‌مان به‌رده‌وامه و له‌و رێگایه‌دا هه‌وراز و نشێوی زۆری بڕیوه، به‌ڵام كۆڵی نه‌داوه.
بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ختی زیاتری كۆڕه‌كه‌مان به رابردووه‌وه ته‌رخان نه‌كردبێ، خۆمان له ئاماژه‌كردن به خه‌بات و تێكۆشانی هێزی پێشمه‌رگه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ رێژیمی پاشایه‌تی كه حیزبی ئێمه شان به شانی گه‌لانی ئێران له‌و پێوه‌ندییه‌دا به ئامانجی خۆی گه‌یشت و رێژیمی دیكتاتۆری و سه‌ره‌ڕۆی پاشایه‌تییان تێكه‌وه پێچا، ده‌بوێرین و ئاماژه به دۆزی هه‌نووكه‌یی رێژیمی تۆتالیتێر‌و قڕوون وستایی كۆماری ئیسلامی و خه‌بات و تێكۆشانی گه‌لی كورد و شانازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌ین كه له قۆناغه جۆراوجۆره‌كاندا چۆن توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ رێژیمێك كه كۆسپی سه‌ر رێگای ئاشتی و ئازادی و دێموكراسی له ئێران و جیهاندایه، له خه‌بات و تێكوشان به‌رده‌وام بێت.
خوێناوی‌ترین و ئاڵۆزترین هه‌لومه‌رج و قۆناغه‌كانی خه‌باتی هێزی پێشمه‌رگه، به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ رێژیمی كۆنه‌په‌ره‌ستی كۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی 32 ساڵی رابردوودا به كورتی له چوار ته‌وه‌ردا پۆلین و شرۆڤه‌ی ده‌كه‌ین:
قۆناغی یه‌كه‌م:
سه‌ركه‌وتنی گه‌لانی ئێران به‌سه‌ر رێژیمی پاشایه‌تی و هاتنه‌سه‌ركاری رێژیمی كۆماری ئیسلامی به هۆی نائاگاهی خه‌ڵك له ناوه‌رۆكی ئه‌م سیستمه بوو. حیزبی دامه‌زرێنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، واته حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له رێگای جۆراوجۆره‌وه هه‌وڵی هه‌مه‌لایه‌نی خسته‌گه‌ڕ تا كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ماف و داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد له رێگای سیاسی و وتوووێژه‌وه چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌م رێژیمه دژی گه‌لییه له‌گه‌ڵ ماف و ئازادییه‌كانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ئێران به گشتی و گه‌لی كورد به تایبه‌تی بێگانه بوو، هه‌ر بۆیه هه‌ر رۆژێك و له یه‌كێك له شاره‌كانی كوردستان به بیانووی جۆراوجۆر شه‌ڕ و پیلانی نامرۆڤانه دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان رێك ده‌خست.
رێژیم به داڕشتنی سناریۆی جۆراوجۆر تاوانی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی ده‌خسته پاڵ حیزبی دێموكرات تاكوو سه‌ره‌نجام به‌سازكردنی شه‌ڕێك له پاوه، خومه‌ینی له 28ی گه‌لاوێژی ساڵی 1358ی هه‌تاویدا فه‌رمانی جیهادو شه‌ڕی سه‌راسه‌ری به دژی گه‌لی كورد ده‌ركرد و حیزبی ئێمه‌ی به هه‌ڵوه‌شاوه راگه‌یاند.
هێزی پێشمه‌رگه‌یش بۆ پارێزگاری و به‌رگری له مافی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌له‌كه‌مان، په‌لاماری هێزه‌كانی رێژیمی له كوردستان دا و له ماوه‌ی شه‌ڕێكی سێ مانگه‌دا، هه‌موو شار و رێگا و لێره‌واره‌كانی كوردستانی كرده گۆڕستانی داگیركه‌ره‌كان و ماشینی جه‌نگی و ژه‌نگاوی ئه‌وانی له كار خست و به چۆكدا هێنا، كه به شه‌ڕی سێ مانگه ناوبانگی ده‌ركرد، به شێوه‌یه‌ك كه خومه‌ینی رایگه‌یاند كه گۆیا له داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد به باشی تێنه‌گه‌یشتووه و فه‌رمانی ئاگربه‌ستی راگه‌یاند و چاره‌سه‌ری مافی گه‌لی كوردی له رێگای وتووێژه‌وه خسته به‌ر باس و به‌و چه‌شنه وتوێژێك له نێوان ده‌وڵه‌ت و هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كورد ده‌ستی پێ كرد.
قۆناغی دووهه‌م:
له‌م سه‌روبه‌نده‌دا كوماری ئیسلامی بهكهڵكوهرگرتن له هه‌ستی ئاشتیخوازانه‌ی كورد و ئاگربه‌س و وتوێژی دوولایه‌نه، هێزه تێكشكاوه‌كانی خۆی بۆ جارێكی دیكه ئاماده‌ی شه‌ڕ كرده‌وه‌وه و له ژێر هه‌موو قه‌ول و به‌ڵێنه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد دا و جارێكی دیكه‌یش هێرشی برده سه‌ر بنكه‌و باره‌گاكانی حیزب و سازمانه كوردستانییه‌كان و شه‌ڕێكی دیكه‌ی سه‌رتاسه‌ری له كوردستان و به ئیمكاناتی باشتر و سازماندهییهكی نوێ كه كاریگه‌ری قورستری بۆ هێزی پێشمه‌رگه به‌دواوه بوو ده‌ست پێ كرد . سه‌ره‌ڕای ئه‌ویش له‌م قۆناغه‌دا دوو خاڵی هه‌ره‌گرینگ بوونه هۆی ئه‌وه‌ی كه كۆماری ئیسلامی توانی پاشه‌كشه به هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكات، یه‌كه‌م روودانی شه‌ڕی ئێران و عێراق و بزواندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لانی ئێران و هێنانه مه‌یدانی چین و توێژه جۆراوجۆره‌كان به بیانووی به‌رگری له خاك و نیشتمان و له هه‌مان كاتدا نێو و ناتۆره دروستكردن بۆ حیزب و سازمانه كوردستانییه‌كان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقدا، له لایه‌كی دیكه‌وه ناته‌بایی هێزه كوردستانییه‌كان له شاره‌كان و روودانی شه‌ڕی ناوخۆیی كوردستان له نێوان حیزبی دێموكرات و كۆمه‌ڵه‌وه كه هێزه‌كانی هه‌ر دوولای به خۆوه سه‌رقاڵ كرد و كۆماری ئیسلامیش له‌و ده‌رفه‌ته كه‌ڵكی وه‌رگرت و توانی سه‌ره‌تا رێگا سه‌ره‌كییه‌كان و پاشان شار‌و گونده‌كان داگیر بكا و حیزبی دێموكرات و باقی هێزه‌كانی دیكه‌ش ناچار بوون كه به ته‌واوی په‌نا بۆ شاخه‌كان ببه‌ن و قۆناغی شه‌ڕی جبهه‌یی كۆتایی پێ هات.
قۆناغی سێهه‌م:
پاش داگیركردنی كوردستان له لایه‌ن هێزه‌كانی كوماری ئیسلامی و پاشه‌كشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ شاخ، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری حیزب و سازمانه كوردستانی و ئێرانییه‌كان خه‌باتی چه‌كدارییان به جێ هێشت و په‌نایان برده هه‌نده‌ران. به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموكرات له فازی سێهه‌مدا هێزه‌كانی خۆی بۆ شه‌ڕی پارتیزانی به دژی پیلانی نامرۆڤانه‌ی رێژیم ئاماده كرد و هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی پارتیزانی به كه‌ڵكوه‌رگرتن له مێتۆده‌كانی خه‌باتی سه‌رده‌میانه، په‌ڕه‌ی به خه‌باتی دیپلۆماسی و سیاسی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات دا و به پێی هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌م به گوڕوتینێكی زۆر باشه‌وه رێكخستنه‌كانی خۆی له ده‌ره‌وه و ژووره‌وه ئۆرگانیزه ده‌كات، هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش به وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه به‌رپه‌رچی په‌لاماری هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌داو هه‌موو شار و گوند و رێگاوبانه‌كانی كوردستان بۆ جارێكی دیكه بوونه مه‌كۆی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و گۆڕستانی هێرشكه‌ران بۆ كوردستان و رۆژانه سه‌دان كه‌س له هێزه بێوره‌و بێباوه‌ڕه‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌بوونه قوربانی سیاسه‌ته نامرۆڤانه‌كانی سه‌رانی رێژیم و یان ئه‌سیری هێزی پێشمه‌رگه ده‌بوون كه له‌گه‌ڵ ره‌فتاری مرۆڤدۆستانه‌ی پێشمه‌رگه به‌ره‌وڕوو ده‌بوون و ده‌پارێزران.
هه‌روه‌ك له سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌مان پێ كرد پێشمه‌رگه خه‌باتی خۆی ته‌نیا له چوارچێوه‌ی خه‌باتی چه‌كداریدا به‌رته‌سك نه‌كردۆته‌وه، به پێی هه‌لومه‌رج و گۆڕانكارییه‌كانی رۆژ له شێوه‌كانی دیكه‌ی خه‌بات كه‌ڵكی وه‌رگرتووه و قۆناغی چواره‌می به له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی ناوچه‌كه و ئاڵوگۆڕه‌كان به تایبه‌ت له هه‌رێمی كوردستان به قۆناغی سیاسی ــ ته‌شكیلاتی و دیپلۆماسی ده‌ست پێكرد.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له بواری نیزامی‌دا هه‌نووكه‌ش هه‌ركات پێویست بێت، پتانسییهڵی به‌هێزترین هێزی سیاسی و نیزامی له كوردستاندا هه‌یه، به‌ڵام له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا سه‌ره‌ڕای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كه بۆ حیزبی ئێمه له سه‌ره‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبییه، له فازی چواره‌مدا، پێوه‌ندییه تهشكیلاتییهكانی خۆی له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به باشی گرێ داوه و به سیاسه‌ت و تاكتیكێكی سه‌رده‌میانه‌وه هاته گۆڕه‌پانی خه‌بات و به‌و جۆره هێزی پێشمه‌رگه به ئیستراتیژی روون و دیاریكراوی خۆی له قۆناغه جۆراوجۆره‌كاندا، به كه‌ڵكوه‌رگرتن له شێوه‌كانی خه‌بات دژی سیسته‌می تۆتالیته‌ری كۆماری ئیسلامی بێپسانهوه تا سه‌ركه‌وتن درێژه‌ی پێ ده‌دات.
ئاكامی ئه‌م خه‌باته، هاوكاری و هاوئاهه‌نگی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ئه‌زموونی 32 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر حكوومه‌تی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی بۆ گه‌لانی ئێران، بریتییه له دابه‌زینی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی، بێكاری و گرانی و فه‌سادی كۆمه‌ڵایه‌تی به هه‌موو لق و پۆكانییهوه، سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی، سیاسی، هه‌رچی زیاتر ئیدئۆلۆژیكردنی حكوومه‌ت، هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی و جینسی، گرتن، ئێعدام، سه‌ركوتی بزووتنه‌وه ئازادیخوازه‌كان و هه‌تا دوایی ....، له‌گه‌ڵ هه‌موو شێوه بۆچوون و سیاسه‌تێكی دیكتاتۆرانه و ده‌یان كرده‌وه‌ی دژی مرۆیی دیكه، كه ته‌نیا له‌م سیسته‌مه دژی گه‌لییه ده‌وه‌شێته‌وه.
له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ وه‌زعی ده‌ره‌كیشدا پشتكردن له هه‌موو یاسا و رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، وه‌ك هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به چه‌كی ناوكی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری وڵاتان و هه‌وڵداندان بۆ تێكدانی بارودۆخ و ته‌ناهی وڵاتانی ئیسلامی به كه‌ڵكوه‌رگرتن له هه‌ستی مه‌زهه‌بی خه‌ڵكه‌كه‌یان، پێكهێنانی تۆڕی تیرۆریستی و پشتیوانی و داڵده‌دانی ئه‌و گرووپانه كه ده‌بنه هۆی كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی بێ‌تاوان، له ده‌ستكه‌وته ده‌ره‌كییه‌كانی كۆماری ئیسلامییه، كه بووه به هۆی رۆژ به رۆژ په‌راوێزخستنی ئه‌و وڵاته له ئاستی جیهانی و ناوچه‌ییدا، دیمه‌نی ئێرانی له ناو بیروڕای گشتی جیهاندا ناحه‌ز كردووه و به پێچه‌وانه، ئاكامی به‌ربه‌ره‌كانێی قاره‌مانانه‌ی هێزی به‌هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له به‌رانبه‌ر دیكتاتۆرانی بیری سه‌ده‌نێوه‌ڕاستی كۆماری ئیسلامی‌دا، هه‌ڵكشانی ئه‌رێنی بووه‌و هێزی پێشمه‌رگه و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له نێو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا خۆشه‌ویسته و پتر له جاران هه‌نگاوه‌كانی به بڕشته‌وه به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن هه‌ڵده‌گرێ و له نێو بیروڕای گشتیی جیهاندا به هێزێكی خاوه‌ن پره‌نسیپ و دێموكرات و مودێڕن ناسراوه و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به ئاسۆیه‌كی روونه‌وه چاو له خه‌باتی هێزی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن و هێزی پێشمه‌رگه‌یش ڕه‌وایی خۆی له پشتیوانیی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و بیر‌و ئه‌ندیشه‌ی ئازاد‌و مرۆڤــتهوهرانه وه‌رده‌گرێت و تا سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆنه‌په‌ره‌ستی و تاریكی‌دا، به پشتگیریی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خۆی درێژه‌ی ده‌دات و له ئاكامدا سه‌ركه‌وتن بۆ هێزی پێشمه‌رگه و رووخان و سه‌رشۆڕی بۆ رێژیمی دژی گه‌لی كۆماری ئیسلامی ئێرانه.
له كۆتاییدا وێڕای پیرۆزبایی دووباره له هه‌موو پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستان، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه حیزبی تێكۆشه‌ر و خه‌باتگێڕی كۆمه‌ڵانی هه‌راوی كوردستان، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران شێلگیرانه و ماندوویی نه‌ناسانه تا وه‌دیهێنانی ئامانجه به‌رز و مرۆڤییه‌كانی شه‌هیدانی كوردستان و له سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان رێبه‌رانی گه‌وره‌مان قازی و قاسملوو و شه‌ره‌فكه‌ندی، ده‌ست له خه‌بات و تێكۆشان هه‌ڵناگرێ.
سه‌ركه‌وێ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی دێموكراتیكی خه‌ڵكی كوردستان بو وه‌دیهێنانی سیستمێكی دێموكراتیك و فیدراڵ
بژی هێزی پێشمه‌رگه، باسكی به‌هێزی گه‌ل
بڕووخێ رێژیمی كونهپهرستی كوماری ئیسلامیی ئێران


