ک/مـــــیدیا: مه‌جلیسی رێژیمی ئیسلامیی ئێران له په‌رچه‌کردارێکدا له‌هه‌مبه‌ر گه‌مارۆکانی ئه‌م دواییانه‌ی بریتانیا، له دژی ئه‌و رێژیمه و هه‌وڵه‌کانی له‌نده‌ن له‌مه‌ڕ زیاد کردنی گوشاره جیهانییه‌کان، بـڕیاری خۆی سه‌باره‌ت به پێوه‌ندیی دوو لایه‌ن راده‌گه‌یه‌نێت.
عه‌لائه‌دین برووجردی، نوێنه‌ری مه‌جلیسی رێژیم، هه‌واڵی تاوتوێ کردنی گه‌ڵاڵه‌یه‌کی به‌په‌له‌ی له دانیشتنی ئاسایی مه‌جلیس ئێران‌دا، سه‌باره‌ت به دابه‌زینی ئاستی پێوه‌ندییه‌کانی رێژیمی ئێران و بریتانیا، بڵاو کرده‌وه.
دوابه‌دوای بـڕیارنامه‌ی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ناو‌کی له دژی رێژیمی ئێران، له‌م رۆژانه‌ی رابردوودا ژماره‌یه‌ک له وڵاتانی جیهان له‌وانه بریتانیا، فه‌ڕانسه و کانادا، کۆمه‌ڵیک گه‌مارۆی ئابوورییان خستۆته سه‌ر رێژیمی ئێران.
ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ناو‌کی، له نوێ‌ترین راپۆرتی خۆیدا سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌ی ناوکیی رێژیمی ئێران ده‌ڵێت: ناتوانێ ئاشتی‌خوازانه بوونی به‌رنامه‌ی ناوکیی رێژیمی ئێران په‌سند بکات.
وڵاتانی رۆژئاوایی، رێژیمی ئێران به هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به ئامرازی شه‌ڕکه‌ری ناو‌کی تۆمه‌تبار ده‌که‌ن.
ده‌وڵه‌تی بریتانیا له درێژه گه‌مارۆکان و له کرده‌وه‌یه‌کی بێ‌پێشینه‌دا، سه‌ودای بازرگانی خۆی له‌گه‌ڵ تێکـڕای بانکه‌کانی ئێران به‌تایبه‌ت بانکی ناوه‌ندیی رێژیمی ئێران، راگرتووه.
وه‌زیری دارایی و ئابووریی بریتانیا، رۆژی دووشه‌ممه گوتوویه‌تی: سه‌باره‌ت به جێبه‌جێ کردنی گه‌مارۆگه‌لێکی زیاتر له‌دژی رێژیمی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌مریکا و کانادا، هاوئاهه‌نگ و له‌و پێوه‌ندییه‌شدا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئورووپایی قسه ده‌که‌ین.


