ک/مـــــیدیا: سه‌رکۆماری ئه‌مریکا ئه‌گه‌ری هێرشێکی نیزامی بۆ سه‌ر به‌رنامه‌ی ناوکییه گوماناوییه‌که‌ی رێژیمی ئێران، به دوور نازانێت.
به‌پێی راپۆرتی ئه‌لعه‌ره‌بییه: له په‌راوێزی کونفڕانسی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زه‌ڕیای هێمندا، باراک ئۆباما سه‌رکۆماری وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، به هه‌واڵنێرانی گوتووه: پێی باشه کێشه‌ی به‌رنامه‌ی ناوکیی رێژیمی ئێران له رێگای وتووێژ و دانووسانه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام هێشتا هێرشی نیزامی له به‌رنامه‌ی کاریماندا بوونی هه‌یه.
سه‌رکۆماری ئه‌مریکا له‌سه‌ر تاوتوێ کردنی کێشه‌ی ناوکیی رێژیمی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی چین و رووسیه‌دا، که دژایه‌تیی گه‌مارۆی رێژیمی ئێران ده‌که‌ن، پێداگریی ده‌کات و له داهاتوویه‌کی نزیکدا سه‌باره‌ت به گوشاره‌کان بۆ راگرتنی چالاکییه ناوکییه‌کانی رێژیمی ئێران وت‌ووێژیان له‌گه‌ڵ ده‌کات.
بڵاو بوونه‌وه‌ی راپۆرتی سکرتێری ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ناو‌کی، که گومانی له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ناوکیی رێژیم هه‌بوو، شه‌پۆلێکی به‌رینی له ئه‌گه‌ری هێرش بۆ سه‌ر دامه‌زراوه ناوکییه‌کانی رێژیمی ئێرانی بڵاو کرده‌وه.
رێژیمی ئێران سه‌ره‌مڕه له‌سه‌ر ئاشتی‌خوازانه بوونی به‌رنامه ناوکییه‌که‌ی پێداگریی کردۆته‌وه.
وڵاتانی رۆژئاوا، رێژیمی ئێران به وه‌شێران و نهێنی کاری و هه‌وڵدان بۆ ده‌ست پێڕاگه‌یشتن به چه‌کی ناو‌کی، تۆمه‌تبار ده‌که‌ن.
ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ناو‌کی له تازه‌ترین راپۆرتی خۆیدا سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌ی ناوکیی رێژیمی ئێران، نیگه‌رانیی جیدیی خۆی راگه‌یاندووه و داوای له رێژیم کردووه له‌م باره‌وه روونکردنه‌وه بدات.
ئاژانس له‌م باره‌وه وتوویه‌تی ناتوانێ ئاشتی‌خوازانه بوونی به‌رنامه‌ی ناوکیی رێژیمی ئێران په‌سند بکات.
ئه‌م راپۆرته دژکرده‌وه‌گه‌لێکی جیهانی به‌ربڵاوی به‌دواوه بوو و ئه‌گه‌ری هێرشێکی نیزامیی بۆ سه‌ر دامه‌زراوه ناوکییه‌کانی رێژیمی ئێران به‌هێزتر کردووه.
باراک ئۆباما له نوێ‌ترین گوته‌کانی له‌م پێوه‌ندییه‌دا، ئه‌گه‌ری هێرشی نیزامیی ره‌ت نه‌کردووه‌ته‌وه.


