ک/مــــیدیا: سه‌ر له به‌یانیی رۆژی شه‌ممه رێکه‌وتی 14ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 1390ی هه‌تاوی، هه‌یئه‌تێكی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زەحمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران، به
سه‌رپه‌رەستیی به‌ڕێز عەبدوڵڵا موهته‌دی سكرتێری گشتی ئه‌و حیزبه، سه‌ردانی دەفته‌ری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد و له‌لایه‌ن هه‌یئه‌تێک به‌سه‌رپه‌رەستی به‌ڕێز مسته‌فا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێشوازییان لێكرا.
له‌م دانیشتنه‌دا به‌ڕێز مسته‌فا هیجری باسێكی سیاسیی له‌سه‌ر بارودۆخی ناوچه به‌گشتیی و ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی كه له ماوەی رابردوودا هاتوونه‌ته ئاراوه پێشکه‌ش کرد. هه‌روه‌ها ره‌وتی به‌رەپێشچوونی دێموكراسی و نه‌مانی دیكتاتۆرەكانی ناوچه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندیی دێموكراسی و خه‌ڵكی ئازادیخوازی ناوچه‌دا زانی و سه‌بارەت به که‌شودۆخی خراپی رێژیم له باری سیاسی و ئابوورییه‌وە به وردی را و بۆچوونی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی پێشكه‌ش كرد و وێرای باس کردن له‌سه‌ر خراپیی بارودۆخی رێژیم و كێشه و ئاریشه‌ی ناو قوڵه نێوخۆییه‌کانی رێژیم و به‌ردەوامی سه‌ركوت له‌سه‌ر خه‌ڵكی وەزاڵه‌هاتوو، ئاماژەیان به‌وەدا كه ئاكامی ئه‌و دۆخه له به‌رژەوەندیی جووڵانەوەی دێموكراسی‌خوازیی ئێران و خه‌باتی نه‌ته‌وە ماف پێشێل‌كراوەكانی ئێران دایه.
پاشان به‌ڕێز عەبدوڵڵا موهتەدی وێڕای په‌سند کردنی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی سکرتێری گشتیی حیزب، روانگه و بۆچوونه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زەحمه‌تكێشانی كوردستانی ئێرانی باس كرد و له‌سه‌ر ئه‌و گوشارانه‌ی كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وەیی بۆ سه‌ر كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌مه‌ڕ پێشێلكردنی مافی مرۆڤ له‌لایه‌ن ئه‌و رێژیمه‌وه و پرسی چه‌كی ناوكیی رێژیم و بارودۆخی خراپی ئه‌و رێژیمه له بواری سیاسییه‌وە، به‌شێكی دیکه له قسه‌كانی ناوبراو بوون.
له كۆتاییدا هه‌ر دوولا كۆمه‌ڵێک پرسی پێوەندیدار به بارودۆخی كورد و ناوچه‌كه‌یان خستە به‌رباس و پێداگری له‌سه‌ر به‌هێزكردنی پێوەندیی نێوان حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زەحمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران‌دا كرایه‌وە.


