به‌ناوی خوای به‌خشه‌ندە و میهرەبان
خۆشک و برایانی موسوڵمان له جیهان!
خۆشک و برایانی گه‌لی كورد له كوردستانی ئێران!
به بۆنه‌ی هاتنی جێژنی موبارەكی قوربان، كه یه‌كێكه له رۆژ و جێژنه پیرۆزەكانی هه‌موو موسوڵمانانی جیهان و یه‌ک له‌وان گه‌لی موسوڵمانی كورد، به پێویستی دەزانین وەک یه‌كیه‌تیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران، به‌و بۆنه مه‌زن و پیرۆزەوە، پیرۆزبایی خۆمان ئاراسته‌ی موسوڵمانانی جیهان، به‌تایبه‌ت گه‌لی موسوڵمانی كورد له‌و وڵاته به‌ڵا لێدراوەدا بكه‌ین
خۆشک و برایانی به‌ڕێز، جێژنی قوربانی پیرۆز یه‌كێک له‌و دوو جێژنه پیرۆزەیه كه له‌و باره‌وه یه‌زدانی مه‌زن له قورئانی كه‌ریمدا دەفه‌رموێ: ((انا اعگیناک الكوپر فصل لربک وانحر))، واته ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا ئێمه به تۆمان به‌خشیوە ئاو و حه‌وزی كه‌وسه‌ر كه رووبار و تراویلکه‌یه‌کی باسه‌فایه له به‌هه‌شتدا، یان خێر و به‌رەكه‌تێكی بێ‌ئه‌ژمارە، دەی تۆش نوێژی خوای خۆت بكه و قوربانی بكه، واته حه‌یوانێک سه‌ر ببڕە له‌و رۆژەدا، لێرەدا ئه‌گه‌ر بڕێک زیاتر له نێوەڕۆكی ئه‌و فه‌رموودەیه‌دا ورد بینه‌وە ئه‌وەمان بۆ دەردەكه‌وێ كه مه‌زنی و پیرۆزی ئه‌و رۆژە، واته جێژنی قوربان، تا چ رادەیه‌كه كه ئه‌و رۆژە و قوربانی كردن له‌و رۆژەدا له ریزی یه‌كێک له فه‌رزەكانی خۆی كه نوێژە قه‌راری داوە.
هه‌روەها حه‌زرەتی محه‌ممه‌د، دروودی یه‌زدانی له‌سه‌ر بێ، دەفه‌رمێ: ((ان لكل قوم عیدا و هژا عیدنا))، واته بۆ هه‌موو نه‌ته‌وەیه‌ک جێژنێک هه‌یه و ئه‌وەش جێژنی ئێمه‌یه، حه‌زرەتی محه‌ممه‌د، دروودی خوای له‌سه‌ر بێ بۆ رێز گرتن له‌و رۆژە هێندێک جار له كاتی خۆتبه خوێندنه‌وه له‌و رۆژەدا، لیباسێكی سه‌وز و جوانی له‌به‌ر كردووە.
خۆشک و برایانی موسوڵمان، ئێمه‌ی گه‌لی موسوڵمانی كوردیش هه‌روەک چۆن حه‌زرەتی ئیبراهیمی خه‌لیلی پێغه‌مبه‌ر، حه‌زرەتی ئیسماعیلی كوڕی بردە قوربانی‌گا، تا به هۆی ئه‌و ئیلهامه ئاسمانییه‌وە كه له‌لایه‌ن یه‌زدانی مه‌زنه‌وە بۆی هاتبوو، جگه‌ر گۆشه‌كه‌ی واته ئیسماعیل قوربانی بكا، به‌ردەوام په‌یرەویمان له‌و داب و نه‌ریت و ئوسووڵه ئایینییه كردووە و له رۆژانی جێژن‌دا له‌و کاته‌وه هه‌یه به سه‌دان و بگرە میلیۆن سه‌ر حه‌یوان به‌و بۆنەوە لە كوردستاندا سه‌ر بڕدراوە و قۆربانی كراوە، بۆ هه‌ر چی زیاتر به‌رز راگرتنی ئه‌و رێوڕه‌سمه ئائینییه مه‌زنه.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له کوردستانی ئێران، ئیبراهیم ئاسا له‌مه‌ڕ پاراستن و به‌رگریی مافه ره‌واکانیان، بێ‌به‌زه‌ییانه ده‌که‌ونه به‌ر هێرشی تیغی بێ‌ئه‌مانی داگیرکران و به‌بێ له‌به‌ر چاو گرتنی هیچ چه‌شنه یاسا و رێسایه‌کی ئایینی ده‌کرێنه قوربانیی ئامانجه به‌رز و پیرۆزه‌کانیان.
بۆیه، ئێمه یه‌كیه‌تیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ئه‌و جێژنه له خه‌ڵكی موسوڵمانی كورد، پشتیوانی خۆمان له داخوازە به‌رحه‌ق و رەواكانی گه‌لی كورد بۆ به‌دەست هێنانی مافی چارەی خۆ نووسین به شێوەی فیدراڵی له كوردستانی ئێران‌دا دەكه‌ین و جینایه‌تی داگیر كه‌ران و دیكتاتۆرانی زاڵ به‌سه‌ر گه‌لی كورددا مه‌حكووم و ریسوا دەكەین.
یه‌كیه‌تیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران
15/08/1390ی هه‌تاوی


