ک/مــــــــیدیا: خانه‌ی مافی مرۆڤی ئێران، کرده‌وه‌ی نابه‌رپرسانه‌ی ژماره‌یه‌ک له شیرکه‌ته‌کانی جیهان له‌مه‌ڕ فرۆشتنی که‌ره‌سه‌ی تکنۆلۆژیی کونترۆڵی پێوه‌ندییه‌کان به رێژیمی ئێران، مه‌حکووم ده‌کات و
داوای له وڵاتانی جیهان کردووه که پێش له شیرکه‌ته‌کانی وڵاته‌کانیان بۆ راگرتنی ئه‌م سات و سه‌ودایه، که ده‌بێته هۆی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ، بگرن.
به‌یاننامه‌ی خانه‌ی مافی مرۆڤی ئێران، دوای ئاشکرا بوونی سه‌ودای
تاران و پێکه‌ن سه‌باره‌ت به ناردنی که‌ره‌سه‌ی کۆنترۆڵ کردنی ته‌له‌فوونی مۆبایل و ره‌دیابیی خاوه‌ن مۆبایله‌کان و هه‌روه‌ها فرۆشتنی ده‌زگای پارازیتی سه‌یار به رێژیمی ئێران له‌لایه‌ن رووسیه‌وه، بڵاو ده‌بێته‌وه.
ئه‌م ناوه‌نده‌ی مافی مرۆڤ، ده‌ڵیت: ده‌وڵه‌تی ئێران تکنۆلۆژیی بۆ قایم کردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌وێت نه‌ک خزمه‌ت کردن به خه‌ڵک. تکنۆلۆژی تواناییه‌کی زێده‌تر به رێژیمی ئێران بۆ زیاتر پێشێل کردنی مافی مرۆڤ ده‌دات.
له به‌یاننامه‌ی خانه‌ی مافی مرۆڤی ئێران‌دا هاتووه، "فرۆشتنی هه‌ر جۆره که‌ره‌سه‌یه‌کی تکنۆلۆژی به رێژیمی ئێران بۆ فیلتێر کردن، ره‌دیابی و ناساندن و ده‌سبه‌سه‌ر کردنی دژبه‌ران که ببێته هۆی چوارچێوه‌دار کردنی ئازادییه‌کانی تاک، پێشێل کردنی ئاشکرای مافی مرۆڤه و هه‌ر بۆیه فرۆشیاره‌کان ده‌بێ وه‌ڵامده‌ری کرده‌وه‌ی خۆیان بن".
ئه‌م ناوه‌ندی مافی مرۆڤ داوا له وڵاتانی جیهان ده‌کات بۆ رێزلێنان له مافی مرۆڤ، له شیرکه‌ته به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌کانی وڵاته‌که‌تان له‌مه‌ڕ فرۆشتنی تکنۆلۆژی به رێژیم ئێران پێشگیری بکه‌ن.


