ک/میدیا: رێکه‌وتی 8ی ره‌زبه‌ری 1390ی هه‌تاوی کۆبوونه‌وەی ژنانی ئینته‌رناسیۆناڵ سوسیالیست له شاری رابات له مه‌راکیش به‌ڕێوەچوو.
باسی سه‌رەکیی کۆبوونه‌وەکه سه‌بارەت به رۆڵی ژنانی عه‌رەب له پرۆسه‌ی دێموکراتیزاسیۆن، واته دەرکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی دێموکراسی له وڵاتانی عه‌رەبیدا بوو.
لەو کۆبوونەوه‌دا پەروانە حەیدەری، بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، وەک نوێنەری ئەو رێکخراوە بەشداریی کرد.
ئه‌و که‌سانه‌ی له‌م کۆبوونه‌وه‌دا وتاریان پێشکه‌ش کرد بریتین له:
ــ وەفا حاجی، ئەندامی شۆرای نەتەوەیی رێکخراوی یه‌کیه‌تیی هاوبه‌ش بۆ هێزه‌کانی وڵات (الاتحاد الاشتراكی للقوات الشعبیە) لە مەراکیش
ــ یوسرا مەیسای، کاندیداتۆر بۆ ئەنجمومەنی موئەسیسان لە تونس
ــ بوواماما فێرۆز، سکرتێری نەتەوەیی کاروباری ژنان لە رێکخراوی به‌ره‌ی هێزه هاوبه‌شه‌کانی جه‌زایر (جبهە القوی الاشتراكیە الجزایریه)
ــ ماها ئه‌لئه‌سوه‌د، ڤێبلاگ‌نووس لە میسر
ــ بەهیه عەمارا لە رێکخراوی ده‌سپێشخه‌ریی نیشتمانیی فه‌لستین (المبادرە الوگنیە الفلسگنیە)
ــ ناشا عەلاوی، ئەندامی پارلمان و کۆریناتۆری رایەڵەی ژنان لە مەراکیش
ــ پەروانە حەیدەری، بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات.
نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە قسەکانیدا باسی لە بارودۆخی ژنان لە ئێران و کوردستانی ئێران کرد و ئاماژەی بە هەڵومەرجی دژواری ژنانی چالاک لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و بە تایبەتی ئەو پارێزەرە ژنانە کرد کە ئێستا لە زیندانەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دان.
نوێنەری یەکیەتیی ژنان هەروەها لە قسەکانیدا وێرای پێدا گری له گرینگیی پرۆسەی بەرەو دێموکراسی لە وڵاتانی عەرەبی، باسی لەوە کرد کە ئەو وڵا‌تانە پێویستە ئەزموون لە راپەرینەکانی گەلانی ئێران لە سالی ۱۹۷۹ وەربگرن و رێگە نەدەن دەستەیەکی پاوانخواز بە ناوی پیرۆزەوە دەست بەسەر شۆڕشەکاندا بگرن. بە تایبەتی ژنان پێویستە وشیار بن کە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لەم قۆناغەدا بێ وچان هەوڵ بدەن.
پەروانە حەیدەری ئاماژه‌ی به نەبوونی دێموکراسی و پێشێل‌کردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کرد و وتی ژنانی کورد، تورک، بەلووچ، عەرەب، تورکمەن چه‌ند قات لە ژێر ستەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتی دان.
لە دوایین دانیشتنی کۆبوونەوەکاندا ژنانی ئینتەرناسیۆناڵ سوسیالیست بڕیارنامەیەکیان وەک ئاکامی کۆبوونەوەکان پەسەند کرد که به‌م شێوه‌یه:
ــ لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بە ناوی ژنانه‌وه که‌مپه‌ین دروست بکرێ، و هەوڵی به‌شداری ژنان له دارشتنی یاسای بنه‌ڕه‌تییه‌کان بنیاتنانی دامه‌زراوه سیاسییه‌کان بدرێت.
بۆ ئەو مەبەستە ژنانی ئینتەرناسیۆناڵ سوسیالیست، که‌مپه‌ینێک لە ژێر ناوی بەهاری عەرەبی رێک دەخات.
ــ پەروەردە و ئامادەکردنی ژنان بۆ وەرگرتنی بەرپرسایەتی وەک ئەندام پارلمانی، وەزیر وباڵوێز و... هتد.
ــ هەوڵ بۆ پێکهێنانی پێوه‌ندی نێوان دامەزراوە دەوڵەتییه‌کان و رێکخراوەکانی سینفیی ژنان.
ــ هەوڵ بۆ دامەزراندن و چەسپاندنی دێموکراسی.
ــ لە قانوونی بنه‌ڕه‌تیی داهاتووی وڵاتانی عەرەبیدا پێویستە داپەروەری کۆمەڵایەتی تێدا بگوونچی و هەوڵی دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی سیاسیی له‌مه‌ڕ پاراستنی مافی ژنان بدرێت.
کۆبوونەوەی داهاتووی ژنانی ئینتەرناسیۆناڵ سوسیالیست لە کاستاریکا دەبێ و باسەکەشی تایبەت به ژن و ئایین دەبێت.




