ک/میدیا: له دوای نائارامییه‌کانی وڵاتی سووریه، لاوانی کوردی سووریه هێزێکی چه‌کدار به نێوی "شێره‌کانی وڵاتی کوردان" پێک دێنن.
به‌پێی هه‌واڵی ماڵپه‌ڕی "ئه‌ڤێستا کورد"، ئه‌م هێزه‌ی لاوانی کوردستانی سووریه پێکی دێنن و له دژی رێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د و پاراستنی کورده‌كانی سووریه خه‌بات ده‌که‌ن.
کوردستانی سووریه له ناوچه‌کانی باکووری سووریه پێکدێت و حه‌شیمه‌تێکی زیاتر له دوو ملیۆن که‌سی هه‌یه.
له‌م دواییانه‌دا به توندوتۆل بوونی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی سووریه، به‌شار ئه‌سه‌د به ناچاری به مه‌به‌ستی پشتگیری له کورده‌کانی سووریه، وتی: "ناسنامه به هه‌موو کوردێکی سووریه ده‌دات".
خه‌ڵکی کوردستانی سووریه ده‌یان ساڵه به شێوازی جوراوجۆر بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی مافی مرۆیی خۆیان خه‌باتی دێموکراتیک ده‌که‌ن.
ژماره‌یه‌ک له حیزب و چالاکانی سووریه به هۆی گوشاری هێزه نیزامی و ئه‌منیه‌تییه‌کانی سووریه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات درێژه به خه‌بات ده‌ده‌ن.
قامیشلوو، حه‌له‌ب و حسکه گه‌وره‌ترین شاره‌کانی کوردستانی سووریه‌ن که هاوشان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کانی سووریه خۆپیشاندان ده‌که‌ن.
دژبه‌رانی ده‌وڵه‌تی سووریه ده‌ڵێن زیاتر له ده هه‌زار سه‌ربازی سووریه له ئه‌رته‌شی ئه‌و وڵاته جیا بوونه‌ته‌وه و تێکه‌ڵ به ناڕازییان بوون.
ئه‌و فرمانده و سه‌ربازانه‌ی که له ئه‌رته‌شی سووریه جیا بوونه‌ته‌وه "ئه‌رته‌شی ئازادی سووریه"یان پێکهێناوه و به وته‌ی یه‌کێک له رێبه‌ره‌کانیان له شاره جۆراوجۆره‌کانی سووریه‌دا بنکه‌ی سه‌ربازییان داناوه و بنکه‌ی رێبه‌رییان له باکووری سووریه هه‌ڵکه‌وتووه.
لاوانی کوردستانی سووریه سه‌باره‌ت به پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌رته‌شی ئازادی سووریه و شێوازی خه‌بات و تێکۆشان و پشتیوانی‌یان له رێکخراوێکه‌وه، هیچ لێدوانێکیان نه‌داوه.
چاوه‌ڕوان ده‌کرێ هه‌ر جۆره گۆڕانێک له سووریه کاریگه‌ریی له سه‌ر بارودۆخی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان هه‌بێت.


