له قاوه‌خانه‌یه‌كی شه‌قامی (سه‌ین میشێل)ی ناوه‌ندی پاریس چاوه‌ڕێی ده‌كردم، من خه‌می ئه‌وه‌م بوو چۆن له نێوان ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ی ناو قاوه‌خانه‌كه ئه‌و بناسم و بیدۆزمه‌وه،
ئاخر پێشتر وێنه‌یشم نه‌بینیبوو. به‌ڵام (نه‌سرین قاسملوو) وه‌ك ئه‌وه‌ی به رۆحی هه‌موو كوردێك ئاشنا بێت، هه‌ر به گه‌یشتنم و به یه‌كه‌م بینین، زانی من ئه‌و كه‌سه‌م كه بۆ دیداری ئه‌و هاتووم، سڵاوی لێ كردم و بانگی كردمه لای خۆی، دوای خواردنه‌وه‌ی قاوه‌یه‌ك دانیشتنه‌كه‌مان ئه‌و گفتوگۆیه‌ی لێ هاته به‌رهه‌م.
(باس)- بۆ یه‌كه‌مین جار چۆن و له كوێ له گه‌ڵ دوكتور عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوو یه‌كترتان ناسی و پێوه‌ندی له نێوانتان دروست بوو، دوایی چۆن پێوه‌ندییه‌كه‌تان گه‌یشته ژیانی هاوسه‌ری؟
نه‌سرین قاسملوو: ئێمه یه‌كترمان كاتێك ناسی كه من خوێندكاری زانكۆ بووم و ته‌مه‌نم 17 ساڵ بوو، ئه‌ویش 20 ساڵ، ئه‌و یه‌كتر ناسینه‌ش له ساڵی 1952ز له زانكۆی پراگ بوو. له ساڵی 1953 ژیانی هاوسه‌ریمان پێكهێنا و له‌و كاته‌وه تا 37 ساڵ چاره‌نووسمان به‌یه‌كه‌وه به‌سترایه‌وه. دوكتور خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بوو گه‌ڕایه‌وه بۆ ئێران، به‌ڵام من به هۆی بوون به دایك، ساڵێك دوای ئه‌و به منداڵه‌وه رۆیشتم بۆ ئێران. له‌وێش چه‌ند مانگێك له‌نێو ماڵباتی قاسملوو بووین له ورمێ. ئیتر هه‌ر له‌وێوه ژیانی نهێنیی ئێمه ده‌ستی پێكرد، چونكه پۆلیس به‌دوای دوكتوره‌وه بوون.
(باس)- له ده‌می یه‌كتر ناسینتاندا چ شتێك له د.قاسملوودا هه‌بوو كه جێی سه‌رنجی تۆ بوو و تۆی به‌ره‌و لای خۆی راكێشا؟ كه‌سایه‌تیی ئه‌و، رۆشنبیریی ئه‌و یان سیاسی بوونی ئه‌و؟
نه‌سرین قاسملوو: ئه‌وكات من كچێكی 17 ساڵان بووم، كه ئه‌ندامی رێكخراوی لاوانی چێكۆسلۆڤاكیا بووم و هاتبوومه نێو گۆڕه‌پانی سیاسییه‌وه. پێوه‌ندیی ئێمه له سه‌ره‌تاوه سیاسی نه‌بوو، ئێمه زوو عاشقی یه‌كتر بووین. له دواییدا بۆ من شتێكی زۆر سه‌رنجڕاكێش بوو كه ئه‌و ده‌یه‌ویست بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خه‌بات بكات. دۆسیه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین بۆ من جێی سه‌رنج بوو، كورد كه پێشتر هه‌ر ناویشم نه‌بیستبوو و نه‌مده‌زانی هه‌یه، بۆ من بووه دۆسیه‌یه‌كی گرینگ. ئه‌وه بوو كه ئێمه‌ی له یه‌كتر نزیك كرده‌وه.
(باس)- تۆ 37 ساڵ ژیانی هاوبه‌شت له‌گه‌ڵ د.قاسملوو به‌سه‌ر بردووه، ئێسته كه بیری لێ ده‌كه‌یه‌وه ئه‌و ژیانه چۆن بوو و تا چه‌ند پێی ئاسووده بوویت، ئایا شتێكی تێدا بوو به‌خواستی تۆ نه‌بووبێت؟
نه‌سرین قاسملوو: ژیانی هه‌موو مرۆڤێك هه‌وراز و نشێوی خۆی هه‌یه و ئێمه‌ش هه‌روه‌ها. ئه‌و شته‌ی كه بۆم گرینگ بوو ئه‌وه بوو كه دوكتور ده‌یه‌وست بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خه‌بات بكات و منیش به‌خته‌وه‌ر بووم له‌و خه‌باته‌دا هاوكاری بووم. پاش مردن هه‌رگیز باش نیه باسی چاكه و خراپه‌ی كه‌سێك بكه‌ین، چونكه هیچ كه‌سمان فریشته نین.
(باس)- تۆ ته‌نیا وه‌ك هاوسه‌ر له گه‌ڵ قاسملوو ژیاوی، یان به‌یه‌كه‌وه خه‌باتیشتان كرد؟
نه‌سرین قاسملوو: هه‌ردووكیان. وه‌ك هاوسه‌ر ژیاین و هاوخه‌باتیش بووین.
(باس)- خه‌باتی ئێوه بۆ سه‌ربه‌ستیی كورد بووه یان خه‌باتێكی مرۆیی بووه، واته زیاتر پابه‌ند بوویت به خه‌بات بۆ كورد، یان خه‌باتێكی ئینته‌رناسیۆناڵ؟
نه‌سرین قاسملوو: تۆ كاتێك خه‌بات ده‌كه‌ی یه‌كه‌م جار خه‌بات بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ی كه لێته‌وه نزیكه، بێگومان هه‌نگاوی یه‌كه‌م خه‌بات بۆ كورده، كاتێ قاسملو له ساڵانی دواتر له ئه‌وروپا ناسرا له به‌رئه‌وه بوو كه كه‌سێكی دێمۆكرات بوو، له‌و رێیه‌وه مه‌سه‌له‌ی كوردی به‌شێوه‌یه‌كی نوێ به دنیا ده‌ناساند، ئه‌و خه‌باتكارێكی كورد بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی تێكۆشانه‌كه‌ی هێز په‌یدا بكات، ئه‌بووایه بیكاته تێكۆشانێكی نێونه‌ته‌وه‌یی، بۆیه خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌سته‌وه به خه‌باتێكی ره‌وا له ئاستێكی نێوده‌وڵه‌تیدا. ئه‌گه‌ر خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی له چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سك و ناوچه‌ییدا بێت، ناتوانی دوور بڕۆیت و به‌جیهانی بناسێنیت. تێكۆشانی ئێمه پێش هه‌موو شتێك بۆ كوردان بووه، كه ئه‌وه بۆ ئێمه له هه‌موو شتێك گرینگتر بووه، به‌ڵام ئه‌و تێكۆشانه بته‌وێ یان نه‌ته‌وێ ده‌بێت بڕواته ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.
(باس)- له ماوه‌ی 37 ساڵی هاوسه‌ریتان ژیانی سیاسیی د.قاسملوو چ جۆره كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ژیانی خێزانیتان هه‌بوو، ئه‌و كاریگه‌رییه باش بوو یان خراپ؟
نه‌سرین قاسملوو: من له ژیان له گه‌ڵ قاسملوودا فێری شتێك بووم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه بۆ مرۆڤی خه‌باتگێڕ، یه‌كه‌م شت كه گرینگه خه‌باته‌كه‌یه‌تی. له هه‌لومه‌رجێكی ناسكدا كه مرۆڤ تێیده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ی بیری لێده‌كاته‌وه تێكۆشانه نه‌ك خێزان. واته له‌و ڕووه‌وه له‌راستیدا خێزانه‌كه‌ی له پله‌ی دووه‌مدا بوو، به‌و پێیه ژیانی ئێمه زۆر ئاسایی نه‌بوو.
(باس)- ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی پێشوو پێچه‌وانه بكه‌ینه‌وه، ژیانی خێزانیتان كاریگه‌ریی بووه له‌سه‌ر تێكۆشانی سیاسیی د. قاسملوو، واته ڕێگریی لێ كردووه؟
نه‌سرین قاسملوو: (به‌پێكه‌نینه‌وه) نا من پێموایه عه‌بدولڕه‌حمان شانسی هه‌بوو، چونكه من ده‌ركم پێ ده‌كرد. ژیانی خێزانیمان هه‌رگیز كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له سه‌ر خه‌باته‌كه‌ی دانه‌نا، چونكه من هه‌میشه هاوكاری بووم. ده‌توانم بڵێم زۆرتری ژیانی ئێمه وابوو كه به‌یه‌كه‌وه نه‌بووین، ئه‌و به‌رده‌وام له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و به‌هۆی كاری سیاسییه‌وه له سه‌فه‌ردا بوو و منیش ده‌ركم ده‌كرد، هه‌رگیز پێی بێزار نه‌بووم. له راستیدا خێزان بۆ ئه‌و هه‌میشه پێگه‌یه‌كی به‌هێز و یارمه‌تیده‌ری بوون بۆ خه‌باته‌كه‌ی، كه ئه‌و ده‌یتوانی پشتی پێ ببه‌ستێت.
(باس)- دووریی ئه‌و لێتان، بێجگه له لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی كاریگه‌ریی خراپی له سه‌ر لایه‌نی ده‌روونیتان نه‌بوو، ژیانی ئێوه‌ی دژوار نه‌كردبوو؟ به‌و شێوه ژیانه ناڕه‌حه‌ت نه‌بووی؟
نه‌سرین قاسملوو: دژوار بوو، چونكه منداڵه‌كان حه‌زیان ده‌كرد باوكیان ببینن و منیش مێرده‌كه‌مم كه‌م ده‌بینی و بۆ هه‌موو كاره‌كان ته‌نیا بووم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من بۆ ئه‌و و بۆ كورد كردم منی رازی ده‌كرد، واته سه‌ختییه‌كان نه‌بوونه هۆی به‌دبه‌ختیمان.
(باس)- ئێوه منداڵتان هه‌بوو، د. قاسملوو توانی ڕۆڵێكی له په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كاندا هه‌بێت، یاخۆ ئه‌و كاره‌ی بۆ ئێوه به‌جێ هێشتبوو؟
نه‌سرین قاسملوو: ئه‌و كاتی زۆر كه‌م بوو بۆ ئه‌وه، منداڵی زۆر خۆش ده‌ویستن، به‌ڵام ده‌رفه‌تێكی وه‌های نه‌بوو له‌گه‌ڵیان بێت و ئاگای له په‌روه‌رده‌ی رۆژانه‌یان بێت، بۆیه من په‌ره‌وه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانم وه‌ئه‌ستۆ بوو. ئه‌و كارێكی وه‌های كرد كه كورد و حیزبی دێمۆكرات بناسرێن، ئه‌وه‌ش بایه‌خی كێشانی ئه‌و دژوارییانه‌ی ئێمه‌ی هه‌بوو.
(باس)- قاسملوو دوور له سیاسه‌ت له بواری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چ جۆره مرۆڤێك بوو؟
نه‌سرین قاسملوو: كه‌سێكی زۆر كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، به‌ئاسانی دۆستی بۆ خۆی ده‌دۆزیه‌وه، ره‌فتاری زۆر شیرین بوو، رووخۆش بوو. زۆر حه‌زی له گاڵته‌وگه‌پ بوو، هه‌میشه مه‌ته‌ڵۆك و داستانی كورت و سه‌رنجڕاكێشی ده‌گوتن و خه‌ڵك حه‌زیان به دانیشتن و قسه‌كردن له گه‌ڵی هه‌بوو، به ئاسانی به‌رامبه‌ره‌كانی له خۆی رازی ده‌كرد و خه‌ڵكی به‌ره‌و لای خۆی راده‌كێشا.
(باس)- ئه‌وانه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی تۆی له ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا به‌ره‌و لای خۆی راكێشا؟
نه‌سرین قاسملوو: به‌ڵێ. پێموایه، چونكه زۆر گه‌نج بوو. هه‌ر ئه‌و كاته‌ی من ناسیم كه‌سێكی قسه‌خۆش و ده‌م به‌پێكه‌نین بوو، دیاره منیش له ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا حه‌زم له كه‌سێكی وابوو.
(باس)- ئه‌وكات بیرت له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه پێكهێنانی ژیانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كه‌سێكی سیاسی، به‌ره‌و ڕووی سه‌ختیت بكاته‌وه، به‌تایبه‌تی بۆ كچێكی گه‌نجی ئورووپا له‌وكاتدا؟
نه‌سرین قاسملوو: ئه‌و كاته‌ی هیشتا مرۆڤێكی كامڵ نیت و عاشقیت، بیر له‌و شتانه ناكه‌یته‌وه و پێتخۆشه خه‌بات بكه‌یت. له راستیدا چێكۆسلۆڤاكیای ئه‌و كات خه‌ڵكه‌كه‌ی سیاسی بوون و ئێمه‌ش گه‌نج بووین و ده‌مانویست جیهان بگۆڕین و باشتری بكه‌ین. منیش حه‌زم لێ‌بوو دنیا بگۆڕم (به‌پێكه‌نیه‌وه). هه‌رگیز بیرم له رۆژانی سه‌ختی دواڕۆژ نه‌ده‌كرده‌وه، كاتێك عاشقیت پێتوایه ده‌توانی زاڵ بیت به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌دا كه دێنه ڕێت. ئه‌و پرسیاره له گه‌وره‌كان ده‌كرێت نه‌ك له گه‌نجه‌كان.
(باس)- ئه‌و ناوه كوردییه (نه‌سرین) چۆن و كه‌ی بوو به ناوی تۆ؟
نه‌سرین قاسملوو: ناوی نه‌سرین داستانی خۆی هه‌یه، ئه‌و كاته‌ی له به‌غدا به‌نهێنی ده‌ژیام له گه‌ڵ منداڵه‌كانم، به‌رده‌وام له شوێنێك ده‌چووین بۆ شوێنێكی تر، بۆ هه‌ر شوێنێكی تازه بچووباین ناوێكی نوێمان له خۆمان ده‌نا تا نه‌ناسرێینه‌وه، جارێكیان كه به‌نهێنی له ماڵێكدا ده‌ژیاین سێ گه‌نجی تری كوردی لێ بوو، كاتێ ده‌ستمان كرد به‌وه‌ی ناوی نوێ له خۆمان بنێین، یه‌كیان گوتی با ناوی تۆ (نه‌سرین) بێت، چونكه نه‌سرین ناوی گوڵێكی سپیه له كوێستانه‌كان. تۆش له چیا و كوێستانه‌وه هاتوویت و سپیت، ئه‌و گه‌نجه ناوی جه‌لال تاڵه‌بانی بوو. نازانم بۆ ئیتر ئه‌و ناوه هه‌رچه‌ند ناوی نهێنیی تریشم هه‌بوو، به‌ڵام بوو به ناوی من. ئه‌وه‌بوو پێش ئه‌وه‌ی عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو جه‌لال تاڵه‌بانی بناسێت، من ئه‌وم ناسی.
(باس)- پاش تیرۆركردنی دوكتور قاسملوو و هه‌روه‌ها دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی، حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لاواز بوو و ئێسته دوو لایه‌نه، ئایا پێتوایه ئه‌وان له سه‌ر هه‌مان رێبازی د.قاسملوون؟ ئه‌و جیابوونه‌وه چ كاریگه‌رییه‌كی له سه‌ر ئێوه هه‌بووه؟
نه‌سرین قاسملوو: بۆ من زۆر دژواره، چونكه عه‌بدولڕه‌حمان هه‌موو ژیانی خۆی له پێناوی ئه‌وه دانا تا رێگه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه بۆ باشتركردنی ژیانی گه‌له‌كه‌ی و به‌خته‌وه‌ریی نه‌ته‌وه‌كه‌ی. پاش 1978 كه گه‌ڕایه‌وه بۆ كوردستان و سكرتێری گشتیی حیزبه‌كه‌ی بوو هه‌تا كاتی شه‌هیدبوونی، حیزبی دێمۆكراتی كرده حیزبێكی به‌هێز و گه‌وره و ناسراو. ئه‌وه‌ی كه له دوای مه‌رگی ئه‌و رووی داوه له من مه‌پرسن، چونكه ئاگاداری ورده‌كارییه‌كان نیم، ته‌نیا ئه‌وه ده‌زانم ئه‌و رووداوانه رووداوگه‌لێكی زۆر زۆر خراپ بوون، ئێسته حیزبی دێمۆكرات بووه‌ته دووان . هه‌رچه‌ند هه‌ردوو حیزبی دێمۆكرات نوێنه‌رایه‌تییان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌یه، به‌ڵام هیچ كه‌سێك ئه‌وان زۆر به‌جدی وه‌رناگرێ و لای من وایه ئه‌گه‌ر ئێسته عه‌بدولڕه‌حمان زیندوو بووایه‌ته‌وه زۆر ناڕه‌حه‌ت ده‌بوو، ئێسته كه ئه‌و نیه من ئه‌و خه‌مه ده‌كێشم. ناتوانم له‌وباره‌یه‌وه بدوێم، چونكه هه‌رلایه‌نێك له‌وان وه‌ها قسه‌یه‌ك ده‌كه‌ن كه باش نین. من ئه‌و لایه‌نه‌ی كه جیابۆته‌وه كۆمه‌ڵێكیان ده‌ناسم، ده‌بێ بڵێم كه كارێكی زۆر خراپیان كرد، كارێكی خراپیان له به‌رامبه‌ر میلله‌ته‌كه‌ی خۆیان كرد. ئێسته هه‌ردووكیان ده‌ڵێن له‌سه‌ر رێبازی قاسملوون و هه‌ردوولایان ناوی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانیان هه‌یه و سه‌ریشیان له خه‌ڵك شێواندووه، خه‌ڵك چۆن بزانێت كام له‌وان له‌سه‌ر هێلی قاسملوویه!، قاسملوو سیمبۆلێكه له كوردستانی ئێران و هه‌موو كه‌س خۆشی ده‌وێت، له‌ڕاستیدا ئه‌وان رێبازی قاسملوویان شێواند. ئێسته پێویسته كه‌سانێك بێن كه له مه‌سه‌له‌كه حاڵین و دووباره حیزب بخه‌نه‌وه سه‌ر رێگه‌ی خۆی.
(باس)- پێوه‌ندیی تۆ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حیزبی دێمۆكراتی له یه‌ك جیابووه‌وه چۆنه؟
نه‌سرین قاسملوو: من له‌گه‌ڵ لاده‌ران هیچ پێوه‌ندییه‌كم نیه، من له‌گه‌ڵ حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران كه به‌ڕێز مسته‌فا هیجری سه‌رۆكیه‌تی پێوه‌ندیی به‌رده‌وامم هه‌یه. من ده‌مه‌وێت حیزبی دێمۆكرات به‌ره‌و پێش بچێت، حیزبی دێمۆكرات لای من ئه‌وانه‌ن كه دیانه‌وێت له‌سه‌ر رێبازی قاسملوو بڕۆن، به‌داخه‌وه كه‌سێك نیه ئه‌و داناییه‌ی قاسملووی هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ن كه راستگۆن، ئێسته ئه‌وان ئه‌گه‌ر كارێكیان به من بێت، بۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌م. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌سانێك له‌گه‌ڵ لاده‌ره‌كان كه‌وتوون كه من لێیان تێده‌گه‌م، حیزب لاواز بوو، تێكۆشان نه‌مابوو به‌و جۆره‌ی ئه‌وان بیریان لێ ده‌كرده‌وه، ئه‌وانیش نیازی خه‌باتیان هه‌بوو، رابه‌ره‌كانیان به‌ڵێنیان پێدان كه بیانخه‌نه سه‌ر رێگه‌ی خه‌باتكردن، ئه‌وان به‌درووشمی خه‌باته‌وه جیا بوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه شه‌ش حه‌وت ساڵ تێپه‌ڕی هیچیان نه‌كردووه. ئێسته من له رابه‌رانی لاده‌ران زۆر ناڕه‌حه‌تم، به‌ڵام له‌و كه‌سانه نا كه له‌گه‌ڵیان رۆیشتن.
(باس)- هه‌وڵێك له‌ئارادا بوو بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێمۆكرات، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی لێ نه‌كه‌وه‌ته‌وه، ئێوه هیچ هه‌وڵتان له‌وباره‌یه‌وه داوه؟
نه‌سرین قاسملوو: من ئه‌و كاته‌ی زانیم جیابوونه‌وه‌كه رووی دا، له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده قسه‌م كرد و وتم كارێكی باشتان نه‌كردووه و ئیتر له‌گه‌ڵ كه‌سانی تریان قسه‌م نه‌كردووه و ناشمه‌وێ لایه‌نگیری بنوێنم، هیچ له‌و قسانه‌شم قبووڵ نه‌بوو كه بۆیان كردم، ئه‌وان به‌هێزن له‌به‌رامبه‌ر مندا و منیش ئیتر به‌ساڵا چووم و ئه‌و هێزه‌م نیه كه بتوانم هه‌موو كارێك بكه‌م، پێم وایه كورده‌كان خۆیان ده‌بێت تێبگه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن جارێكی تر حیزب وه‌كو خۆی لێ بكه‌نه‌وه.
(باس)- تۆ له رابردوودا ئه‌ندامی حیزبی دێمۆكرات بوویت یان نا، ئه‌ی له ئێسته‌دا؟
نه‌سرین قاسملوو: نا من ئێسته ئه‌ندامی هیچ حیزبێك نیم، له رابردوودا هه‌ر ته‌نیا ساڵێك ئه‌ندامی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان بووم، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێك له ئه‌ندامان داوای ئه‌ندامه‌تیی لێ ده‌كردم و وازی لێ نه‌هێنام تا ماندووی كردم، بۆیه ئیمزام كرد ببمه ئه‌ندام و پاش ساڵێك لێی چوومه ده‌ره‌وه. من كه‌سێك نیم بتوانم له چوارچێوه‌ی حیزبی‌دا هه‌ڵكه‌م.
(باس)- پێوه‌ندییه‌كانی د.قاسملوو زۆر به‌رفراوان بوون، نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ حیزبه كوردییه‌كان به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ زۆر له حیزبه‌كانی دنیا و به‌تایبه‌ت حیزبه سۆسیال دێمۆكراته‌كانی ئورووپا. ئایا ئه‌وه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه د.قاسملوو سیاسییه‌كی لێهاتوو و كارا بوو یان بۆ ئه‌وه‌ی كه ئۆپۆزسیۆنی ئێران بوو و به دژی ئێران هاوكارییان ده‌كرد؟
نه‌سرین قاسملوو: من هه‌ندێ كه‌سایه‌تیم ده‌ناسی له ئه‌وروپا كه هه‌رگیز نه‌یانده‌ویست لایه‌نگری جوڵانه‌وه‌یه‌ك بن كه له دژی خومه‌ینی بێت، ئه‌گه‌ر حیزبی دێمۆكرات و د. قاسملوو له ئه‌ورووپا جێگه‌ی په‌سندكردن بوون ئه‌وه پێوه‌ندیی به كه‌سایه‌تیی د. قاسملووه هه‌بوو، كه دیپلۆماتێكی زۆر به‌توانا بوو، كه‌سێك بوو زانیاریی زۆری هه‌بوو، د.قاسملوو كه‌سایه‌تییه‌كی خوێنده‌وار، به‌ئه‌زموون و لێهاتوو بوو كه ده‌یتوانی به چه‌ند زمان قسان بكات، ده‌یتوانی به زمان و فه‌رهه‌نگی ئه‌وروپاییه‌كان خۆیان له‌گه‌ڵیان بدوێت.
(باس)- كارایی و دیپلۆمات‌بوونی د.قاسملوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی خوێندن و ئه‌وه‌ی له خوێندن فێری ببوو، یان بۆ توانای تایبه‌تی خۆی وه‌ك كه‌سێكی جیدی؟
نه‌سرین قاسملوو: من پێموایه قاسملوو ته‌لیسمێكی هه‌بوو كه له‌گه‌ڵیدا له‌دایك ببوو. هه‌روه‌ها له‌لایه‌نی په‌روه‌رده و خوێندن ئه‌و له خێزانێكدا گه‌وره ببوو كه ئیمكاناتی زۆریان هه‌بوو.
(باس): پێت وایه قاسملوو كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزمایی بووبێت، توانایه‌كی هه‌بووبێ له‌لایه‌نی كه‌سایه‌تیی سیاسی و دیپلۆماسییه‌وه كه ناكرێ له كه‌سانی تردا هه‌بێت، ئه‌وه‌ش وای لێكردبێت هه‌موان پێی سه‌رسام بن؟
نه‌سرین قاسملوو: من پێموایه له دنیادا زۆر كه‌س هه‌ن كه كارێزمایین، ئه‌و تاكه‌كه‌س نه‌بووه كه ئه‌و توانایه‌ی هه‌بووبێت، به‌ڵام هه‌بوونی كارێزما لای كه‌سێك پێویستی به زانیاریی فراوانیش هه‌یه، له هه‌مان كاتدا هه‌بوونی ئامانجێك كه ئه‌و توانایه كارێزماییه‌ی له‌پێناودا به‌كار بهێنێت، ئه‌وانه به‌یه‌كه‌وه وا ئه‌كه‌ن بتوانی كه‌سانی تر بڕوا پێ بێنی، جا ئه‌و ئاستی خوێنده‌وارییه‌كه‌یشی كاریگه‌ریی هه‌بوو. ئه‌و له ئه‌ورووپا به‌ئاسانی ده‌یتوانی سۆسیال دێمۆكراته‌كان به‌قه‌ناعه‌ت بگه‌یه‌نێت و باشتر له‌وه‌ش له كوردستانیش كورده‌كان به‌باشی قایل بكات. به‌داخه‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ی خوێنده‌واریی وه‌كو ئه‌ویان هه‌بێت له‌نێو كوردان كه‌من.
(باس)- مام جه‌لال پێوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ د.قاسملوودا هه‌بوو، ئایا ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی به خانه‌واده‌كه‌یه‌وه به‌رده‌وامه؟
نه‌سرین قاسملوو: نا، نیه‌تی.
(باس): بۆچی؟ هۆیه‌كه‌ی چییه؟ پێتوایه به‌هۆی كاریگه‌ریی پێوه‌ندیه‌كانی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێرانه‌وه بێت؟
نه‌سرین قاسملوو: پرسیاری سه‌ختم لێ ده‌كه‌یت. ئه‌وان سه‌ره‌تا پێوه‌ندیی هاوڕێیه‌تیی دۆستانه‌یان هه‌بوو، دواتر پتر پێوه‌ندیی سیاسی‌یان هه‌بوو وه‌ك له دۆستایه‌تی. ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن هه‌تا ئاخر پێوه‌ندیی دۆستانه‌یان هه‌بوو من پێموایه ئاگاداری ژیانی نه‌بوون. من له راستیدا بۆ خۆم هیچ كات هاوڕێیه‌تیی نێزیكم له‌گه‌ڵ نه جه‌لال تاڵه‌بانی نه هێرۆخان نه‌بووه. یه‌كه‌م جار كه هێرۆ خانم ناسی له كوردستان بوو كه فیلم به‌رداری ده‌كرد، كه‌سێكی سه‌مپاتیك (خۆشمه‌شڕه‌ب) هاته به‌رچاوم. ئیتر بۆ له‌مه‌ودوا نه‌مبینیه‌وه، پێموایه ئه‌وان سه‌رقاڵن و له‌گه‌ڵ مام جه‌لال خه‌ریكی سه‌رۆكایه‌تین، له‌گه‌ڵ ئێرانیش هاتوچۆیان هه‌یه.
(باس)- هیچ كات هێرۆخان پێوه‌ندیی پێوه نه‌كردوویت؟
نه‌سرین قاسملوو: نه‌خێر. جارێكیان پێش ئه‌وه‌ی ببنه سه‌رۆكی عێراق مام جه‌لال هاته پراگ و پێوه‌ندیم پێوه كردن و داوام لێ كرد یارمه‌تیی دوو ده‌رهێنه‌ری چیكی بدات كه ده‌یانویست له‌باره‌ی (فه‌ناتیزم) و ژیانی فره‌ئاینی و ئاشته‌وایی له كوردستان فیلمێك به‌رهه‌م بهێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من خۆم ئه‌و توانا داراییه‌م نه‌بوو، من تێبینیم كردبوو له كوردستان وه‌ك شوێنه‌كانی تری دنیا فه‌ناتیزم بوونی نه‌بوو، له كوردستان ئیسلام و مه‌سیحی و ئاینه‌كانی تر بوونیان هه‌یه، به‌رهه‌مهێنانی فیلمێك له‌سه‌ر ئه‌وه زۆر كاریگه‌ریی له ناساندنی كورد به‌لایه‌نی باشیه‌وه بۆ جیهانی ده‌ره‌وه ده‌بوو، چونكه ئه‌گه‌ر جیهانی ده‌ره‌وه بزانن كه كورد فه‌ناتیك نیه ئه‌وه بۆ خۆی یارمه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ كورد. هه‌موو به‌ڵێنێكیان دا، به‌ڵام دوایی وا نه‌بوو.
(باس)- ئه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی دێمۆكراتی كوردستان و شه‌خسی كاك مه‌سعوود بارزانی هیچ پێوه‌ندیتان هه‌یه، ئه‌وانتان بینیوه؟
نه‌سرین قاسملوو: نه‌خێر، پێوه‌ندیم نیه. كاك مه‌سعوودم چه‌ند جار بینیوه. كاتی خۆی چه‌ندین جار كاك ئیدریسم بینیبوو و هه‌روه‌ها مه‌لا مسته‌فا بارزانیشم كاتی خۆی بینیبوو كه‌له پراگ و له ئێرانیش میوانی ئێمه بوو، واته میوانی د.قاسملوو و من بوو.
(باس)- كه‌ی بوو كه مسته‌فا بارزانی میوانی ئێوه بوو له پراگ؟
نه‌سرین قاسملوو: له ساڵی 1958 كاتێ كه‌له ئیمگراسیۆنی شۆره‌وی له‌سه‌ر بانگهێشتی عه‌بدولكه‌ریم قاسم گه‌ڕانه‌وه بۆ عێراق. ئه‌وكاته ئێمه هێشتا له پراگ بووین، تازه ده‌ستم به خوێندن كردبوۆه، به‌ڵام رۆیشتین بۆ عێراق، چونكه مه‌لا مسته‌فا ئێمه‌ی بانگهێشتی كوردستانی عێراق كردبوو.
(باس)- پێوه‌ندیتان هه‌ر ئه‌وه‌نده بووه، یان ناته‌وێ له‌و باره‌یه‌وه چیتر بڵێیت؟
نه‌سرین قاسملوو: من پێم وایه بارزانییه‌كان بنه‌ماڵه‌یه‌كی گرینگن له عێراق و ئه‌م خه‌باته‌ی مه‌لا مسته‌فاش به‌لایانه‌وه زۆر گرینگ بووه، خه‌باتی ئه‌وان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه زۆر گرینگ بووه، ئێسته‌ش دیاره كه دنیا گۆڕاوه، من رێزی زۆرم هه‌یه بۆ بارزانییه‌كان، به‌ڵام چونكه ئێسته زۆر نێزیك نیم، ناتوانم ده‌رباره‌ی ئه‌وان بیروڕایه‌ك ده‌رببڕم.
(باس)- حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار یه‌كیه‌تی و پارتی، هه‌تا ئێستا تۆیان بۆ كوردستان بانگهێشت كردووه؟
نه‌سرین قاسملوو: هه‌ردوو لایان بانگهیشتیان كردووم ، به‌ڵام من نه‌چووم.
(باس)- بۆچی نه‌چوویت و بانگهێشتنه‌كانت قبووڵ نه‌كردووه؟
نه‌سرین قاسملوو: ئایا ناچارم وه‌ڵام بده‌مه‌وه؟
(باس) خۆت ئه‌یزانی، ئه‌گه‌ر وه‌ڵام بده‌یته‌وه باشتره.
نه‌سرین قاسملوو: بڕوانه من له‌گه‌ڵ هه‌موو بزووتنه‌وه‌كانی كوردستان كه‌متا كورتێ نێزیك بووم، به‌ڵام ئه‌و رووداوه‌ی له ڤییه‌ننا رووی دا منی دڵ‌سارد و بێ ئومێد كرد، ناتوانم هه‌ستم به دروستی ده‌رببڕم و بڵێم كه هه‌ستم چۆنه، ناتوانم خۆم بم و هیچ نه‌ڵێم به‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌توانم قسه‌ی خۆم بكه‌م، ئه‌وانه‌ی هه‌تا ئێستا ده‌توانم قسه‌ی خۆمیان پێ بڵێم ئه‌ندامانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانن و به توندی قسه‌ی خۆم كردووه و قسه‌ی خراپیشم كردووه، بۆچوونی خۆشمم پێ گوتوون، به‌ڵام ناتوانم قسه‌كانی خۆم به پارته‌كانی كوردستانی عێراق بڵێم.
(باس)- واته قسه‌ی خۆت هه‌یه به‌وانیش بڵێی به‌ڵام نه‌تگوتووه؟
نه‌سرین قاسملوو: به‌ڵێ.
(باس)- ئه‌گه‌ر ئێستاش بانگهێشتت بكه‌ن هه‌ر ناڕۆی؟
نه‌سرین قاسملوو: نه‌خێر ناڕۆم، هه‌تا كۆتایی ته‌مه‌نم ناڕۆم.
(باس)- د.قاسملوو كه‌سێكی دیپلۆماتكار، جددی و زانا بوو. به‌ڕای تۆ چۆن بوو وا به ئاسانی كه‌وته داوی ئێرانیه‌كانه‌وه و سه‌ره‌نجام بووه هۆی له‌ناوچوونی؟
نه‌سرین قاسملوو: ئه‌وه پرسیارێكه هه‌موو كه‌س ده‌پرسن و وه‌ڵامی كۆتاییشی نیه. ئه‌وكاته‌ی ئه‌وه رووی دا ماوه‌ی 10 ساڵ ده‌بوو حیزبی دێمۆكرات ناچار بوو له دژی سوپای پاسداران شه‌ڕ بكات و خه‌بات بكات، میلله‌تی كورد زۆر ماندوو ببوو، ئه‌وه راستییه، حیزب ئه‌و ئیمكاناته‌ی پاسداره‌كانی نه‌بوو، پێشمه‌رگه‌كانی دێمۆكرات زۆر بوێرانه به‌رگرییان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و توانایه‌ی خومه‌ینی هه‌یبوو ئه‌وان نه‌یانبوو، قاسملووش مرۆڤێكی شه‌ڕخواز نه‌بوو. ئه‌و و ئێرانییه‌كان زستانی 1988-1989 له ڤیه‌ننا به‌یه‌كه‌وه دانیشتن و من نازانم بۆ له‌گه‌ڵیان دانیشت، به‌ڵام ده‌زانم هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه بوو رێگه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه بدۆزێته‌وه هه‌تا كۆتایی به شه‌ڕ بهێنێت. له كاتێكدا ئه‌نجامه‌كان به هیچ گه‌یشتن بۆچی ئه‌و پێشنیاری دووه‌می قبووڵ كرد، نازانم ته‌نانه‌ت هیچ بڵێم، رام وایه چونكه تازه خومه‌ینی مردبوو، ره‌فسه‌نجانیش خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی وڵات ئاماده ده‌كرد و له هه‌موو شوێنێك وا ناسرابوو گوایه عاقڵتر له‌وانی تره. عه‌بدولڕه‌حمان به منی گوت ره‌فسه‌نجانی ئێستا ده‌بێ بیر له‌وه بكاته‌وه كۆتایی به‌شه‌ڕ بێنێت و بارودۆخی نێوخۆی وڵات باش بكات. شه‌ڕی نێوان ئێران و عێراق ته‌واو ببوو، ئێران وێران ببوو و ئاساییه ده‌بێ ره‌فسه‌نجانی بیری له ساڕ‌ێژ كردنی برینه‌كانی شه‌ڕ بكردایه‌ته‌وه بۆ پێشكه‌وتنی وڵاته‌كه‌ی و پێم وایه عه‌بدولڕه‌حمان پێی وابوو ده‌توانێ ئه‌وان به‌قه‌ناعه‌ت بگه‌یه‌نێت. كاتێكیش كاره‌ساته‌كه رووی د ا من وتم چۆن بوو كه‌سێك به‌م دیده سیاسییه و پێشینه و ئه‌زموونه‌وه وای كرد؟! به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌بوو و پێم وایه نایشیبێت.
(باس)- به‌رله تیرۆر كردنی له ڤیه‌ننا ئه‌و له‌باره‌ی وتووێژه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌كان هیچی به تۆ گوت؟
نه‌سرین قاسملوو: به منی گوت كه بۆ جاری دووه‌م له زستاندا ده‌یه‌وێت بڕوات له‌گه‌ڵیان دابنیشێت و منیش به عه‌قڵێكی دێهاتیانه پێمگوت بیرت نه‌چێت كه كاتی خۆی باوكت چی پێ گوتی، ئامۆژگاریی باوكیم وه‌بیر هێنایه‌وه و پێم گوت بیرت نه‌ماوه چیان به سمكۆی شكاك كرد؟. ئه‌و گوتی من به ئێرانیه‌كانم گوتووه من سمكۆ نیم. به‌كورتی له‌سه‌ر ئه‌وه من و ئه‌و شه‌ڕێكی سیاسیمان بوو، چونكه من ئه‌و رۆیشتنه‌ییم به خراپ ده‌زانی. له دڵی خۆمدا ده‌مگوت من كه سیاسی نیم و ناتوانم كارێك بكه‌م. كه به‌داخه‌وه ئاكامه‌كه‌ی ئه‌وه بوو. (لێره‌دا خاتوو نه‌سرین خه‌مناك و چاوه‌كانی پڕ بوون له ئاو)
(باس)- كێ له پشت پێكهێنانی دیالۆگی نێوان ئێران و د.قاسملوو بوو، واته لایه‌نی سێیه‌م له‌و وتوێژانه كێ بوو؟ پارته كوردییه‌كان یان ئه‌وروپاییه‌كان یان هه‌ر لایه‌نێك و كه‌سێكی تر؟
نه‌سرین قاسملوو: تا به‌ڵگه‌م نه‌بێت ناتوانم به دروستی قسه بكه‌م، ته‌نیا بۆچوونی خۆم و ئه‌وه‌ی دیومه ده‌توانم بڵێم، له قۆناخی یه‌كه‌م، جه‌لال تاڵه‌بانی بوو، گفتوگۆی كاتی زستان ئه‌و رێكی خست، پێشمه‌رگه‌كانی خۆی له‌وێ دانا و خۆیشی له‌وێ ئاماده بوو، له‌و دانیشتنه‌دا هیچ شتێك رووی نه‌دا، به‌ڵام دواتر بیستم ئێرانیه‌كان وتبوویان "تاڵه‌بانیمان ناوێ چونكه (ببورن ئه‌وه قسه‌ی ئه‌وانه) ناڕاستگۆیه و گفتوگۆی ئێمه نهێنیه و ئه‌و له‌ملاولا رای ده‌گه‌یه‌نێت". نێوانگیریی دووه‌م به‌ڕێز فازڵ ره‌سووڵ بوو، من له‌وه‌یان تێنه‌گه‌یشتم، فازڵ ره‌سوڵ دۆستانێكی له ده‌وڵه‌تی ئێران‌دا هه‌بوون، خۆیشی پیاوێكی ئیسلامی بوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ی من لێی تێگه‌یشتم ناچار بوون ئه‌ویش بكوژن بۆ ئه‌وه‌ی شایه‌تحاڵێك نه‌مێنێت. به‌ڵام چۆن بوو ئه‌و وه‌ك میانگیر په‌سند كرابوو له‌لایه‌ن د.قاسملووه، ئه‌وه من لێی تێنه‌گه‌یشتم.
(باس)- د.قاسملوو دۆستانێكی له ئه‌ورووپا هه‌بوون یه‌كێكیان د.فریدریك تیسۆ كه ئێستا كۆنسولی فه‌ره‌نسایه له هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها بێڕنارد كۆشنه‌ر و ئه‌وانی تر. ئه‌وان له ئێستادا پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی قاسملوودا ماوه؟
نه‌سرین قاسملوو: ئێمه هیچ پێوه‌ندییه‌كی تایبه‌تیمان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نیه و فریدریك تیسۆ مرۆڤێكی باشه‌و زۆر كاری بۆ كوردستانی ئێران كرد، من به‌ڕاستی ستایشی ده‌كه‌م. ته‌نیا كه‌سێك كه له‌گه‌ڵ ئێمه پێوه‌ندیی خۆی نه‌پچڕاندووه د.بێڕنارد گرانژۆنه. ئه‌وان زۆربه‌یان دكتۆر و په‌رستار بوون كه بۆ داووده‌رمان ده‌ڕۆیشتن بۆ كوردستان و شتێكی وه‌ها نه‌بووه له نێوانمان كه پێوه‌ندییه‌كانمان رابگرێت.
(باس)- د. فرێدریك تیسۆ وه‌كو پزیشكێك له‌گه‌ڵ د.قاسملوو بوو یان وه‌كو سیاسه‌توانێك؟
نه‌سرین قاسملوو: سه‌ره‌تا وه‌كو پزیشكێك هات بۆ كوردستان، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ قاسملوو بوونه هاوڕێی نزیك و پێوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێواندا په‌یدا بوو، له‌یه‌كتر به‌باشی تێده‌گه‌یشتن.
(باس)- چ بۆچوونێك یان پێشبینیه‌كت هه‌یه له‌باره‌ی ئاینده‌ی كوردستانی ئێران و حیزبی دێمۆكرات؟
نه‌سرین قاسملوو: ئێران وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌یه و فارسه‌كان 37% خه‌ڵكی ئێران پێكدێنن، ئه‌و نه‌ته‌وانه له‌ڕاستیدا هه‌موویان مه‌ینه‌ت و ئازار ده‌كێشن. هیوادار بووم به خه‌باتی كورده‌كان و حیزبی دێمۆكرات و پارته‌كانی تری ئێران كه له كوردستان تێده‌كۆشان، به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی ئێران به‌ره‌و لای خۆیان راكێشن، كه ته‌نانه‌ت ئه‌وسا فارسه‌كانیش به‌ره‌و لای حیزبی دێمۆكرات ده‌هاتن. من ئۆمێده‌وار بووم هێزێك په‌یدا ببێت كه ئێران به‌ره‌و ئاراسته‌ی دێمۆكراسیزم ببات و ئه‌و خه‌باته ئه‌نجامی هه‌بێ. به‌داخه‌وه سه‌ره‌نجامه‌كان نادیارن.
(باس)- كه‌سانێك گوتوویانه تۆ به دژی د.قاسملوو قسه‌ی خراپت كردووه، ئه‌م قسانه له كوێوه هاتوون، ئایا هیچ بنه‌مایه‌كیان هه‌یه؟
نه‌سرین قاسملوو: خزمێكمان له ئێرانه‌وه ته‌له‌فوونی بۆ كردم، به‌گریانه‌وه ده‌یگوت كه گوایه من قسه‌ی خراپم به دژی د.قاسملوو كردووه، به‌ر له هه‌موو شتێك درۆیه، به‌ڵام من پێش ئه‌وه‌ش ده‌مزانی كه‌سانێك هه‌ن ده‌یانه‌وێ قسه‌كانی من بگۆڕن وای پیشانده‌ن كه دژی قاسملوون، من نازانم له‌وه‌دا مه‌به‌ستیان چییه. بڕوانه له نێوان هه‌موو هێزه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كه‌سانێك هه‌ن كه ده‌یانه‌وێ له‌م جۆره كارانه بۆ بچووككردنه‌وه‌ی یه‌كێكی تر بكه‌ن و مێژووه‌كه‌ی بشێوێنن، ئه‌وه بۆ من گرینگ نیه، به‌ڵام تا ئه‌و جێیه‌ی ده‌توانم ده‌مه‌وێ پێشیان پێ بگرم.
(باس)- ئایا ئه‌وه ته‌نیا قسه بوو یان به نووسینش ئه‌و شتانه‌یان له‌باره‌ی تۆ بڵاو كردووه‌ته‌وه؟
نه‌سرین قاسملوو: بیستوومه له ئینته‌رنێتیشدا وه‌ها شتگه‌لێكیان نووسیوه، به‌ڵام من نه‌مخوێندوونه‌ته‌وه و ناشمه‌وێت بیانخوێنمه‌وه.
(باس)- به‌هۆی لاوازبوونی حیزبی دێمۆكرات و پارته‌كانی تری كوردستانی ئێران، پژاك ئێسته بوونی هه‌یه رای ئێوه له‌وباره‌یه‌وه چییه؟
نه‌سرین قاسملوو: پێش هه‌موو شتێك پژاك رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆ نیه، نه‌ك ته‌نیا سه‌ربه‌خۆ نیه به‌وه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتێكی ئێرانی‌دا بێ، به‌ڵكوو له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه‌یه و مێژوویه‌كی خوێناوییان هه‌یه. من ناتوانم شتێكی باش له‌باره‌یانه‌وه بڵێم، چونكه پێموایه هه‌ر رێكخراوێك نۆكه‌ری بۆ رێكخراوێكی تر بكات لای من جێی رێز نیه.
(باس)- ئێوه دوو كچتان هه‌یه، كچه‌كانی تۆ و قاسملوو هه‌تا چه‌ند پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ حیزبی دێمۆكرات هه‌یه؟ ئایا ئه‌ندامن تیایدا؟
نه‌سرین قاسملوو: به‌ڕێزه‌وه ده‌ڕواننه حیزبی دێمۆكرات، به‌ڵام ئه‌ندام یان سیاسی نین تیایدا. كاتێك كچه گه‌وره‌كه‌م سیانزه ساڵی بوو لێم پرسی كه گه‌وره بوویت ده‌ته‌وێ چ ئیشێك بكه‌ی و ببی به چی، وتی نازانم به‌ڵام ده‌زانم نامه‌وێ ببمه سیاسی چونكه ئێوه به‌رده‌وام كار ده‌كه‌ن و من نامه‌وێ وا بم.
(باس)- ئه‌وان به مه‌یلی خۆیان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان وه‌رگرتووه؟ ئێوه كاریگه‌ریتان نه‌بووه له‌وه‌ی له سیاسه‌ت و له حیزبی دێمۆكرات دووریان بخه‌نه‌وه؟
نه‌سرین قاسملوو: من كارێكم نه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ی دووره‌په‌رێز بن، به‌ڵام كارم بۆ ئه‌وه‌ش نه‌كردووه كه ببنه سیاسی. ئه‌وه خۆیانن كه ده‌بووایه بڕیاری لێ بده‌ن. من هه‌وڵم داوه كاریگه‌ریم له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی ژیانیان نه‌بێت كه پێوه‌ندیی به سیاسه‌ت و ئایین و جۆری كاریانه‌وه هه‌یه. بڕیار لای خۆیانه. بۆ نموونه ئێمه كه‌سانێكی ئایینی نه‌بووین، به‌ڵام مافی ئه‌وه‌م نیه كه ئه‌وان ئه‌گه‌ر بیانویستایا ئایینی بن رێگه‌یان لێ بگرم، ئه‌وه پێوه‌ندیی به بڕیاری خۆیانه‌وه هه‌یه.
(باس)- كچه‌كانتان ئێستا خه‌ریكی چین؟
نه‌سرین قاسملوو: گه‌وره‌كه‌یان ته‌مه‌نی چووه‌ته سه‌ر و خانه‌نشین بووه و دووه‌میشیان خوێندنی دانیشگه‌ی ته‌واو كردووه و له قۆناخی خانه‌نشینبووندایه. ئیتر دره‌نگه بۆی كه ببێته سیاسی ( به پێكه‌نینه‌وه).
(باس)- "ئورووپایه‌ك له سه‌رزه‌مینی كوردان" ناوی كتێبێكه كه تۆ به فه‌ره‌نسی نووسیوته، ئه‌و كتێبه باسی چی ده‌كات؟
نه‌سرین قاسملوو: زۆر كه‌س ده‌هاتن داوایان ده‌كرد كه شتێك له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆم و قاسملوو و له‌باره‌ی جوڵانه‌وه‌ی كورد و ئێران و شتی تری له‌و بابه‌ته بنووسم، من چونكه نووسه‌ر نیم، ماوه‌یه‌كی زۆر ئاگام له‌وه نه‌بوو كه شتێكی ئاوا پێویسته، به‌ڵام بینیم كه له‌باره‌ی د. عه‌بدولره‌حمانی قاسملوو كتێبگه‌لێك ده‌نووسرێن یان ده‌یكه‌نه فریشته یان خراپی له‌باره‌وه ده‌ڵێن. نووسین ده‌رباره‌ی سیاسه‌ته‌كانی پارته‌كانی ئێران و كوردستان و شتی له‌و بابه‌ته كاری من نیه و كه‌سانی تر ئه‌و كاره ده‌كه‌ن و كردوویانه، به‌ڵام پێموابوو پێویسته خه‌ڵك بزانن د.قاسملوو مرۆڤێك بووه وه‌كو من و ئێوه، به‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی كه خوێنده‌واری و كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی وای لێ‌كرد ببێته سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات. ئه‌م كتێبه‌ی نووسیومه بیۆگرافی نیه، واته كورته ژیاننامه‌ی من نیه. له ناسینی خۆمه‌وه له‌گه‌ڵ عه‌بدولڕه‌حمان ده‌ستم پێكردووه هه‌تا گه‌یشتووم به كاره‌ساتی ڤیه‌ننا، ئه‌و تاوانه‌ی كه ده‌وڵه‌تی ئێران كردی. له‌وێ باسی ئه‌و كارانه‌م كردووه كه كردوومانن و ئه‌وانه‌ی نه‌مانكردوون، ده‌رباره‌ی هاوكارانمان، خۆمان، منداڵه‌كانمان. هه‌وڵم داوه تابلۆیه‌ك بێت له ژیانمان بۆ خوێنه‌ران.
(باس)- كه‌واته ئه‌و كتێبه پتر یاداشته نه‌ك مێژووی كاره سیاسییه‌كانی د.قاسملوو و حیزبی دێمۆكرات، وایه؟
نه‌سرین قاسملوو: به‌ڵێ بیره‌وه‌رییه. یه‌كێك له هاوڕێیانمان خه‌ریكه وه‌ریده‌گێڕێته سه‌ر زمانی فارسی و بڕیار وایه بكرێته كوردیش.
(باس)- دۆسیه‌ی تیرۆری د.قاسملوو له ڤیه‌ننا به كوێ گه‌یشت؟
نه‌سرین قاسملوو: باسی ئه‌وه‌ش له كتێبه‌كه‌مدا هه‌یه و باسی كراوه كه چۆن ده‌وڵه‌تی ئوتریش راپۆرته‌كه‌ی ون كردووه و دوو كه‌س له قاتڵان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه بۆ ئێران نێردراونه‌ته‌وه. بێجگه له‌وه‌ش كه ئێران و عێڕاق له‌شه‌ڕدا بوون، ئوتریش ده‌وڵه‌تێكی نیوترال (بێلایه‌ن) بوو، مافی ئه‌وه‌ی نه‌بوو چه‌ك بفرۆشێت، به‌ڵام چه‌كی به‌هه‌ردوولایان ده‌فرۆشت، ئه‌وه‌بوو ئێران زۆر فشاری خسته سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئوتریش، ئه‌ویش چووه ژێر باریه‌وه، پاش ساڵێك كه زانیم ده‌وڵه‌تی ئوتریش هاوكاری ناكات، شكاتم كرد به دژی ئه‌و ده‌وڵه‌ته، به‌ڵام پاش دوو ساڵ دادگه‌ی به‌دواداچوونه‌وه سكاڵاكه‌می ره‌ت كرده‌وه، به‌و بیانووه‌ی به‌ڵگه‌ی ته‌واو له‌به‌رده‌ستدا نیه، كاری من له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا ئه‌وه بووه دونیا ئاگه‌دار بكه‌مه‌وه كه له ئوتریش چی رووی داوه، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دادگا وه‌ڵامی نه‌رێنیی به من دایه‌وه، تیرۆری د.شه‌ڕه‌فكه‌ندی هاته پێش. جێگره‌وه‌ی دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده بوو، من ئه‌وم له‌و دۆسیه‌یه ئاگه‌دار كرده‌وه و پێمگوتن ده‌توانین شكاته‌كه‌مان ببه‌ینه دادگای نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام ناوبراو وتی جارێ سه‌رقاڵی دۆسیه‌ی تیرۆری دكتۆر شه‌ره‌فكه‌ندین، د.قاسملوو ئیتر ته‌واو بوو. من به‌ته‌نیا ده‌متوانی بڕۆم بۆ دادگای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌روایشم كرد، به‌ڵام پێویستیم به بڕێكی زۆری توانای دارایی هه‌بوو، منیش ئه‌و توانا داراییه‌م نه‌بوو. تا ئه‌و كاته له ڤیه‌ننا حیزبی دێمۆكرات ئه‌و لایه‌نه‌ی گرتبووه ئه‌ستۆ، ئیتر كاری ئێمه له‌وێدا كۆتایی هات.
(باس): دوا وته‌ت ده‌رباره‌ی د.قاسملوو چییه وه‌كو هاوسه‌ری ئه‌و؟
نه‌سرین قاسملوو: پێمخۆشبوو پێی بڵێم زۆر خراپی كرد وا زوو له دنیا رۆیشت، ئه‌گه‌ر بمایه زۆر كار مابوو باشتر له كه‌سانی تر ئه‌نجامی بدات.
پرۆفایل
هێلێن كرۆلیخ (نه‌سرین قاسملوو) هاوسه‌ری د. عه‌بدولره‌حمانی قاسملوو و به ره‌گه‌ز چیكییه و له ساڵی 1933 له پراگ له‌دایك بووه.
1963 له پراگ خوێندنی فه‌لسه‌فه و زمانی ته‌واو كردووه و بڕوانامه‌ی ماسته‌ری تێدا به‌ده‌ست هێناوه.
له ئورووپا و ئێران و عێراق و كوردستان ژیاوه.
له ساڵی 1976 تا ئێستا له پاریس ده‌ژی.
زمانه‌كانی چیكی و فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و كوردی و فارسی ده‌زانێت.
باس (پاریس) ئیرۆن عومه‌ر


