ک/میدیا: رێکه‌وتی 30ی خه‌رمانانی 1390ی هه‌تاوی، کۆمه‌ڵه‌ی ما‌فی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ، هاوکات له گه‌ڵ ١٨هه‌مین خولی کۆبوونه‌وەکانی رێکخراوی ما‌فی مرۆڤی نه‌ته‌وەیه‌کگرتووەکان له ژنێڤ، کونفرانسێکی
له ژێر ناوی "مینی دژەنه‌فه‌ر و ما‌فی ژیان له ئێران و رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاستدا" به هاوکاری چه‌ندین رێکخراوی نێونه‌ته‌وەیی به‌ڕێوەبرد.
ئه‌مه یه‌که‌مین جارە له سه‌ر پێشنیار و دەسپێشخه‌ریی کۆمه‌ڵه‌ی ما‌فی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ، کۆنفرانسی له‌م چه‌شنه له سه‌ر مینی دژه‌نه‌فه‌ر و پاشماوه‌ی ته‌قه‌مه‌نیی شه‌ڕ له کوردستاندا، له بنکه‌ی رێکخراوی نه‌ته‌وەیه‌کگرتووەکان به‌ڕیوه بچێ.
ئه‌م کۆنفرانسه به هاوکاری و به‌شداریی چالاکانه‌ی ئه‌م رێکخراوانه‌ی خوارەوە به‌ڕێوە چوو:
1- که‌مپه‌ینی نێونه‌ته‌وەیی دژی مین کە، له ساڵی ١٩٩٧ی زایینی‌دا، خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبێڵیان وەرگرتووە.
2- ژنێڤاکاڵ
3- رێکخراوی پارێزه‌رانی نێونه‌ته‌وەیی ما‌فی مرۆڤ
4- رێکخراوی په‌رەپێدانی په‌روەردە و فێرکردن
5- کۆنگرەی نه‌ته‌وەکانی ئێرانی فیدراڵ.
کۆنفرانسه‌که، سه‌ره‌تا به وتارێکی خاتوو "کارن پارکر" به‌رپرسی رێکخراوی پارێزه‌رانی ما‌فی مرۆڤ ده‌ستی پێ‌کرد و سیاسه‌تی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی له چاندنی مین له کوردستاندا وه‌ک ژینۆسایدی گه‌لی کوردی ناودێڕکرد.
پاشان، ته‌یموور ئه‌لیاسی نوێنه‌ری دایمی کۆمه‌ڵه‌ی ما‌فی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژنێڤ، بابه‌تێکی گرنگی له سه‌ر پرسی مین له کوردستان و ئێران پێشکه‌ش کرد. نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی ما‌فی مرۆڤی کوردستان باسی له رێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد که له کوردستان زیاتر له 16 میلیۆن مینی دژه‌نه‌فه‌ری چاندووه و زیاتر له چوار میلیۆن هکتار زه‌ویی مین‌رێژ، که گیانی هه‌زاران که‌سی گرتووه و بووه‌ته هۆی دواکه‌وتوویی ئابووری و زیانی ژینگه‌یی له کوردستان.
له درێژه‌ی کۆنفرانسه‌که‌دا، "عه‌لی ده‌ست‌نه‌زه‌ر" وه‌ک یه‌کێک له قوربانیانی مین به سه‌رهاتی خۆی بۆ به‌شدارانی کونفرانسه‌که باس کرد و سرنجی کۆی به‌شداربووانی بۆ لای خۆی راکێشا.
دواتر، "ئارمین کۆهلی" نوێنه‌ری رێکخراوی ژنیڤاکاڵ وتارێکی گشتیی له سه‌ر گرفتی مین له دونیا و ئێران و کوردستان پێشکه‌ش کرد و کۆنڤانسیۆنه نێونه‌ته‌وه‌یه‌کانی له سه‌ر مین بۆ به‌شدارانی کونفرانسه‌که روونکرده‌وه. ناوبراو له قسه‌کانیدا باسی پابه‌ندنه‌بوونی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ کۆنڤانسیۆنی دژی مین، ناسراو به کۆنڤانسیۆنی "ئۆتاوا" کرد و خوازیاری قه‌ده‌غه کردنی به کار هێنان و به‌رهه‌م هێنانی مینی کرد. كۆهلی، له درێژه‌ی قسه‌کانیدا، ئیشاره‌ی به‌وه کرد که به پێچه‌وانه‌ی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆی هێزه سیاسییه چه‌کداره‌کانی کوردستانی ئێران په‌یماننامه‌ی دژه مینی "ژنیڤاكاڵ"یان واژۆ کردووه و پابه‌ندن به‌و په‌یماننامه‌یه.
له ته‌وه‌ری دووهه‌می کۆنفرانسه‌که‌دا که ته‌رخان کرابوو بۆ پرسیار و وڵام، به‌شداران له به‌ر هه‌ستیاری و تازه‌یی، پێشوازیان له بابه‌تی کونفرانسه‌که کرد و پرسیار و تێبینی خۆیان بۆ پانالیسته‌کان خسته ڕوو.
کۆمه‌ڵه‌ی ما‌فی مرۆڤی کوردستان نووسراوه‌یه‌کی فه‌رمی له پێوه‌ندی له گه‌ڵ مینی دژه نه‌فه‌ر له کوردستان پێشکه‌ش به 18 هه‌مین کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ما‌فی مرۆڤی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان کرد که ئه‌مه ده‌قه‌که‌یه‌تی:
"ئامانجی کۆمه‌ڵه‌ی ما‌فی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ، له پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونه‌وەی له‌و چه‌شنه له رادەی نێونه‌ته‌وەییدا، راکێشانی سه‌رنجی ئه‌نجومه‌نی ما‌فی مرۆڤی رێکخراوی نه‌ته‌وەیه‌کگرتووەکان و کۆڕ و کۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وەییه‌کانه، بۆ لای هه‌ڕەشه‌ی رۆژانه‌ی مینی دژەنه‌فه‌ر له گیانی دانیشتیوانی مه‌دەنی، له کوردستان و ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران و هه‌روەها رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست، که رۆژانه قوربانیان لێدەستێنێت".
کۆمه‌ڵه‌ی ما‌فی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ


