بە بۆنەی نۆزدەهەمین ساڵیادی شەهیدانی میكۆنۆس
كۆمەڵانی ئازادیخوازی خەڵكی كوردستان!
گەلانی ستەملێكراوی ئێران!
ئەو كاتەی كە وەیشوومەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی كۆماری ئیسلامی
باڵی بە سەر شارستانیەتی دێموكراتیكی رۆژئاوادا كێشابوو و تاقمە تێرۆریستیەكانی نێردراوی دڕندەترین رێژیمی سەردەم بستبەبستی خاكی ئورووپایان كردبووە گۆڕەپانی لەداوخستن و قەڵاچۆی فیزیكیی چالاكانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، خوێنی ئاڵی ئەستێرەكانی بزووتنەوەی میللی –دێموكراتیكی كوردستان، میكۆنۆسی كردە دوایین وێستگەی قەتاری تێرۆریزمی ئاخوندی.
لە سەردەمێكدا كە هێشتا خەبات دژی تێرۆریزم وەكوو پارادایمی زاڵ بە سەر پێوەندییە نێونەتەوەییەكاندا نەناسرابوو و لە كاتێكدا كە جیهان سەرقاڵی داڕشتنەوەی نەزمێكی نوێ لە سەر خۆڵەمێشی شەڕێكی ساردی دەیان ساڵە بوو، بزووتنەوەی مافخوازی كوردستان بە پێشكەشكردنی مەزنترین قوربانی، سامی بێدەنگیی ژوورەكانی دیپلۆماسیی نەوت و دۆلاری شكاند و بوو بە هۆی لەقاودانی پێوەندیی شوومی فاشیزمی ئاخوندیی مەزنیخواز و دێموكراسیی رۆژئاوایی بەرژەوەندیخواز كە بە ساتوسەودایەكی بێشەرمانە لە سەر خوێنی بەنرخترین تێكۆشەرانی سیاسیی ئێران و كوردستان هەوڵیان دەدا بەرەی دێموكراسیخوازیی گەلانی ئێران بەچۆكدا بێنن.
كوردستان، ئەو سەنگەرە پۆڵایینەی كە سەرجەللادی جەماران، ئاواتی كڕنۆشێكی بردە ژێر گۆڕ، ئەمجارەش بە هەڵكردنی ئاڵای ریسوایی تێرۆریزم لە نێو دڵی ئورووپادا، حەماسەیەكی دیكەی خولقاند و سەنگەرەكانی ئورووپای بە تاقمە پۆشتە و پەرداخەكانی تێرۆریزمی كۆماری ئیسلامی چۆڵ كرد و كۆتایی بە قۆناغێكی پڕمەترسی لە خەباتی چالاكانی سیاسیی دەرەوەی وڵات لە هەموو نەتەوەكانی ئێران هێنا.
ئەمساڵ لە حاڵێكدا یادی شەهیدانی سەربەرزی میكۆنۆس دەكەینەوە كە لە ناوچەكەماندا سەرهەڵدانی یەك لە دوای یەكی نەتەوەكان دژ بە كاولكاریی دیكتاتۆرەكان، دوورگەی ئارامی تێرۆریزمی شڵەژاندووە و تا دێت بازنەی گەمارۆ سیاسی، نیزامی و ئابوورییەكان دژ بە كۆماری ئیسلامی بەرتەسكتر دەبێتەوە.
لە نێوخۆی وڵاتیشدا دەنگی هاواری نەتەوەكان زیاتر لە هەمیشە دەبیسترێ و تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئاخوندەكان دوایین ساتەكانی تێپەر دەكات.
بێگومان نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێران كە توانیی كارەساتی شوومی میكۆنۆس بكاتە دەرفەتێكی سیاسی بۆ سەلماندنی رەوایی خۆی و ناڕەوابوونی دوژمنەكەی، هێز و وزەی ئەوەی تێدایە كە لە سەردەمی خەباتی سەرتاسەریی جیهانی ئازاد و پێشكەوتوو دژ بە تێرۆریزمدا، سەرمایەی سیاسیی شەهیدانی پایەبەرزی میكۆنۆس بكاتە هەوێنێك بۆ سەركەوتنی یەكجاری لە خەباتی بەرەی دژە تێرۆردا بەرامبەر بە بانكی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، واتە كۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەرز و بەرێز بێت یادی دوكتور سەعید شەرەفكەندی و شەهیدانی 26ی خەرمانان
سەركەوێ جووڵانەوەی دێموكراسیخوازیی گەلانی ئێران
هەرمان بۆ قوربانیانی تێرۆریزمی كۆماری ئیسلامیی ئێران
یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
26ی خەرمانانی 1390ی هەتاوی


