یەکگرتووەکان له ژنێڤ بهڕێوه چوو
نوێنهرانی نهتهوهکانی ئێران: نهتهوهکانی ئێران له ژێر کاریگهریی ههڵاواردن دان و رێژیمی ئێران دێمۆگرافیی ئهم ناوچانهی گۆڕیوه.
ک/میدیا: لە پەراوێزی هەژدەهەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوهندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ و دێمۆکراسی، رێکهوتی 25ی خهرمانان، سمینارێکی لە ساڵۆنی ژمارە ٢٢ی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکهێنا.
سمینارەکە بە سەرپهرستیی "ژان فرانکۆ فراتینی" دەستی پێکرد. فراتینی پاش ناساندنی تهوهری سمینار، ئاخێوهران و تهوهری باسەکان، یەکەم ئاخێوهری بە بەشداربووان ناساند.
له سەرەتای سمینارهکهدا "کهریم عەبدیان" بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئەهواز تیشکی خستە سەر فرە نەتەوەیی، فرە زمانی، فرە کلتووری و فرە ئایینی لە ئێران و وێڕای ئاماژە بە ناو و هەڵکەوتەی جوغرافیایی دانیشتوانی ئێران وتی: "ئێتنیکێکی زۆرینە لە ئێران بوونی نییە،... بەڵام لە ساڵی ١٩٢٥ بەولاوە فارسەکان لە ئێران دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە."
بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی گەلی عەرەب لە ئەهواز باسی له بێ بهشیی چوار میلیۆن و نیو عەرەبی ئێرانی له مافی بهڕێوهبردنی کاروباری ئیداری، سیاسی و ئابووری خۆیان لە خۆزستان کرد.
کەریم عەبدیان لە درێژەی وتهکانیدا وتی: "رێژەی نهخوێندهواری لە خووزستان چوار بەرانبەر له رێژەی نهخوێندهواری لە ئێراندا زیاترە، نرخی بێکاری لەو پارێزگایهدا ٦ بەرانبەری
نرخی بێکارییه لە گشتی ئێران و ٣٠%ی خوێندکارانی ئەو پارێزگایه واز لە خوێندن دێنن که ٥٠%ی لە ئاستی ناوهندی و ٧٠%ی لە ئاستی دواناوهندی دان."عەبدیان هەروەها لە کۆتایی وتەکانیدا باسی لەوە کرد کە پاش شەڕی ئێران- عێراق یەک میلیۆن و دوو سەد هەزار کەس بە زۆرە ملێ لە خوزستان راگوێزراون و لە ههمبهردا یەک میلیۆن و پێنچ
سەد هەزار کەسی غهیری عەرەب لەوێ نیشتەجێ کراون."
ئاخێوهری دووهەم دوکتور "ناسر بۆلیدەیی"، بهرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی گهلی بەلووچ، ئاماری رێژەی دانیشتوانی نەتەوەکانی ئێران، جیاوازی و ههڵاواردن، شوێنی نیشتەجێ بوون و هەروەها هەوڵ و تهقهلای رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕێنی دێمۆگرافیی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران و لەوانە بەلووچستان خستە بە دیدی بەشداربووانی سیمینارەکە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکهی وتەکانیدا وتی: "بەڵگەگهلێکی جێی بڕوا تا ئێستا بە چاودێری مافی مرۆڤ دراوە و نیشان دەدات کە حهشیمهتی بەلووچستان بە شێوەیەکی سیستماتیک، سازماندراو و بەردەوام لەلایەن تارانەوە، بە مەبەستی گۆڕینی دێمۆگرافیی ناوچەکە و هەروەها تێکدانی باڵانس لە نێوان خەڵکی ناوچەکە روو لە کەمی کردووە و دابەش کراوە."
بۆلیدەیی لە بەشێکی دیکهی وتهکانیدا وتی: "ئێران موزائیکێکە لە ئێتنیکە جیاوازەکان، بەڵام گرووپە غەیرە فارسەکان لە پەڕاوێز کەوتوون و لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری دوور خراون."
بۆلیدەیی هەروەها باسی لە هەڵبژارنەکانی سەرکۆماری ساڵی ٢٠٠٩ی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە زۆربەی کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە ئێران ئەو هەڵبژاردنەیان بایکۆت کرد و باسی ئەوەی کرد کە بلووچەکان قەت لە ئاستی وەزیر و کاربەدەستی باڵا پۆست و بهرپرسیارهتییان پێ نەدراوە. لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ناوی چەندین زیندانیی سیاسی، فەرهەنگی و مەدەنی کرد کە لە بلووچستان گیراون یان حوکمی سێدارهیان به سهردا سهپاوه.
یەکێکی دیکه لە ئاخێوهرانی سمینارەکە "خوسەرەو عەبدووڵڵاهی"، ئهندامی رێبهرایهتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران که لە وتهکانیدا، جەختی لەسەر فرە نەتەوەیی، فرە کلتووری و فرە چەشنی لە ئێران کرد. عەبدوڵڵاهی وتی: "لە ئێستادا دامەزراندنی سیستمی فیدراڵی بۆ ئێران بووە بە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکان کە لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانەوە داوا کراوە."
نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە کۆتایی وتهکانیدا وتی: "داوا لە شۆرای مافی مرڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەین کە دڵنیا بن لەوەی کە هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن سەبارەت بە نەتەوە ژێر دەستەکانی ئێران لە راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دا لەبەرچاو دەگیرێ."
دوا ئاخێوهری سمینارهکه "بابان ئەلیاسی"، بە نوێنەرایەتیی ناوەندی زاگرۆس، باسێکی لەسەر هەلومەرجی کورد لە ئێرانی ئێستادا لە چەند تەوەر پێشکهش کرد، که بریتین بوون لە: هەلومەرجی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، هەڵاواردنی فەرهەنگی، هەڵاواردنی ئابووری و ئایینی، باس کردن لە هەڵسووڕاوانی کورد و هەڵاواردنی بەربڵاو سەبارەت بە بەندکراوانی کورد لە زیندانەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە کۆتاییدا ناوی ئەو زیندانیانەی هێنا کە هەر ئێستا لە زیندانەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەستبەسەر کراون و چاوەڕیی ئێعدام و سێدارەن.
ئەلیاسی لە بەشی هەڵاواردنی فەرهەنگیدا، باسی بێبهش بوونی دایک و باوکی کوردی کرد که مافی ههڵبژاردنی ناوی رەسەنی کوردییان بۆ منداڵەکانیان نییه و بە ناو بردنی فەرزاد کەمانگەر و محەمەد سەدیق کەبودوەند کهش و دۆخی بەندکراوانی کوردی دژوار وهسف کرد.
شایانی باسە پاش کۆتایی وتاری ئاخێوهران، بەشداربووان بە سەرنج، تێبینی و پرسیار، بەشداری سمینارەکەیان کرد.
جێی باسە کە ئەو سمینارە بە پێشنیاری سەنتەری زاگرۆس و بە هاوکاری و پشتیوانی رێکخراوەکانی MRAP(بزووتنەوەی دژە راسیزم بۆ دۆستایەتی نێوان گەلان)، رێکخراوی France Liberté و International Educational Development بەڕێوە چوو.


