نوێنه‌ری شاری بیجار له مه‌جلسی شۆرای ئیسلامیی رێژیمی ئێران: به‌شی پارێزگای کوردستان له‌و سامانه ته‌نیا له سه‌دا یه‌که.
ک/میدیا ــ به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵده‌ریی موکریان: نوێنه‌ری شاری بیجار له مه‌جلیسی شۆرای رێژیمی ئێران، دابه‌شکردنی سامانی سروشتی له پارێزگاکانی وڵات به ناهاوسان وه‌سف کرد و ئاشکرای کرد به‌شی پارێزگای کوردستان له سامانی سروشتیی وڵات ته‌نیا له سه‌دا یه‌که.
به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵده‌ریی موکریان و هه‌ندێک له سه‌رچاوه هه‌واڵده‌رییه‌کانی نێوخۆ، "به‌همه‌ن مورادنیا" ئێواره‌ی رۆژی یه‌کشه‌ممه له سمیناری "جێگا‌ی که‌رتی تایبه‌ت له گه‌شه‌ی هاوسانی وڵات و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی بوودجه‌ی ناوچه بێ‌به‌شه‌کان"دا، وتی: له‌م دابه‌شکردنانه‌دا، سامانی سروشتی پارێزگای تاران یه‌ک له سێ ، شه‌ش پارێزگای دیکه سێ له یه‌ک و 23 پارێزگای دیکه یه‌ک له سێی ئه‌و سامانه‌یان وه‌به‌ر که‌وتووه که له نێو ئه‌م پارێزگایانه‌دا، به‌شی پارێزگای کوردستان ته‌نیا له سه‌دا یه‌که.
ناوبراو وتی: "تا کاتێک ده‌وڵه‌ت، هاوسان سامانی سروشتیی وڵات له نیو پاریزگاکاندا دابه‌ش نه‌کات نابینه خاوه‌ن ئابووریه‌کی چالاک و سه‌قامگیر له نێو وڵات‌دا و هاوکات پارێزگا بێ به‌شه‌کان تووشی دواکه‌وتوویی ئابووری ده‌بن و پاریزگاکانی دیکه‌ی وڵات به خێرایی پێش ده‌که‌ون".


