وڵاتی ئاڵمان وشک بوونی ده‌ریاچه‌ی ورمێ به کاره‌ساتێکی ژینگه‌یی دێنێته ئه‌ژمار، به‌ڵام ره‌ت کردنه‌وه‌ی داخوازیی حیزبی سه‌وزی ئه‌و وڵاته له ئاڵمان، له‌مه‌ڕ هاوکاریی
چاره‌سه‌ر کردنی قه‌یرانی ده‌ریاچه‌ی ورمێ، بۆ پێشێل کردنی به‌ربڵاوی مافی مرۆڤ له ئێران ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
ک/میدیا ــ به‌پێی مالپه‌ڕی فارسیی ده‌نگی ئاڵمان: خاتوو "کلاودیا رووت" نوێنه‌ری پارله‌مان و سکرتێری حیزبی سه‌وزی ئاڵمان، داخوازیی خۆی بۆ هاوکاری له گه‌ڵ رێژیمی ئێران، له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ر کردنی قه‌یرانی ده‌ریاچه‌ی ورمێ، ئاراسته‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵی ئه‌و وڵاته کرد. به‌رلین له وڵامی ئه‌م داخوازییه‌دا وێرای پێداگری له سه‌ر "وشک بوونی ده‌ریاچه‌ی ورمێ کاره‌ساتیکی ژینگه‌ییه" نووسیی، هه‌ل و مه‌رجی سیاسی و دۆخی مافی مرۆڤ له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا رێگای بۆ هاوکاری کردن له گه‌ڵ ئه‌م وڵاته نه‌هێشتۆته‌وه.
له درێژه‌یی ئه‌م وڵامه‌دا هاتووه: وڵاتی ئاڵمان له ساڵی 2003دا بۆ پرۆژه‌کانی گه‌شه‌سه‌ندن له ئێران هاوکاریی 10 میلیۆن یۆرۆیی وه‌گه‌ڕ خستووه. که پاشان له ساڵی 2005 ئه‌م هاوکارییانه له‌لایه‌ن ئاڵمانه‌وه راگیراون.
له نامه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی ئاڵمان، هۆکاری پساندنی هاوکارییه‌کانی له گه‌ڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پێشێل کردنی مافی مرۆڤ له‌و وڵاته‌دا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
رێکه‌وتی 5ی خه‌رمانانی ساڵی 1390، خاتوو "کلاودیا رووت" به بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به بارودۆخی "ئێکۆلۆژیکی"ی ده‌ریاچه‌ی ورمێ، ئاماژه به خۆپشاندانه‌کانی شاره‌کانی ورمێ و ته‌وریز کردبوو و خوازیاری ئازادی کردنی خۆپشانده‌ره ناڕازییه‌کانه، که له‌لایه‌ن هێزه‌کانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه ده‌سبه‌سه‌ر کراون.
سکرتێری حیزبی سه‌وزی ئاڵمان داوای له حکوومه‌تی ئاڵمان و هاوپشکه ئورووپاییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ی کردووه که له تێکڕای پێوه‌ندییه‌کانی خۆیان له گه‌ڵ رێژیمی ئێران بۆ رزگار کردنی ده‌ریاچه‌ی ورمێ که‌ڵک وه‌ربگرن.


