ك/ میدیا: لەلایەن رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەریوان بە مەبستی چەواشەكاری و دانە پاڵی تاوانی تیرۆریزم بە لایەنە سەلەفییەكان سیمینارێكی لەژێر ناوی" روون كردنەوەی ئامانجەكانی تیرۆریزم" پێكهێنا.
بەپێی هەواڵێك كە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە، رۆژی شەممە رێكەوتی 15ی خەرمانانی 1390ی هەتاوی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە مەریوان بە پێكهێنانی سیمینارێك لەژێر ناوی" روونكردنەوەی ئامانجەكانی تیرۆریزم" هەوڵی ئەوەی داوە بە نیشان دانی فیلم و بەڵگە، كردەوە تیرۆریستییەكانی چەند ساڵی پێشوو بداتە پاڵ سەلەفییەكان.
كۆماری ئیسلامی لەو سیمینارەدا بە هێنانی كەسانێك كە بە وتەی ئەوان لە تیرۆرەكاندا دەستیان هەبووە، ویستوویەتی ئەم ئیدیعایەی خۆی بسەلمێنێ كە ئەو كردەوە تیرۆریستیانەی كەلە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە شارەكانی سنە و مەریوان ئەنجام دراون، بداتە پاڵ هێزە سەلەفییەكان.
خەڵكی بەشدار لەو سیمینارە بەبێ ئەوەی مەبەستی كۆبوونەوەكەیان بۆ روون بكرێتەوە، بە بیانووی جۆراوجۆر بانگهێشت كرابوون.
لە درێژەدا مامۆستایەكی زانكۆی پەیام نووری مەریوان بەناوی "موحسن نیكخا" بەشداری ئەو سیمینارە بە پێشكەش كردنی بابەتێك و بە پشت بەستن بە بەڵگە و فاكتی لۆژیكیانە، باسی لە هۆكارەكانی سەرهەڵدان و گرفتەكانی مەسەلەی تیرۆریزمی كرد كە دەسەڵات رووبەڕووی خەڵكی كردۆتەوە و هەروەها وتیشی: تەنیا بە سازان و قبووڵ كردنی مافی خەڵك تیرۆریزم روو لە لاوازی دەكات و كاریگەرییەكانی كەم دەبنەوە، وتەكانی ئەو مامۆستایە كەوتنە بەر سەرنجی زۆرێك لە بەشدار بوان.
پاش روودانی كردەوە تیرۆریستییەكانی دوو ساڵ لەمەوبەر لە سنە و مەریوان و هەروەها شەڕ و پێكدادانەكانی دوو مانگ لەمەبەر لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، كۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو حەفتەی رابردوودا لە چەند شاری كوردستان وەك ورمێ و مەریوان لە رێگای رێكخستنی سیمینار و پیشانگا (ارمغان چتەها) و رێگاكانی دیكەوە لە هەوڵی چەواشەكاری و دانە پاڵی تۆمەتی تیرۆریزمە بە هێزە كوردییەكان و ناشیرین كردنی سیمای راستەقینەی نەتەوەی كورد.
بەشێك لە خەڵك و بەتایبەت مامۆستایانی ئایینی لە كاتنی خوێندنی سووردی میللیی كۆماری ئیسلامیدا لە جێگای خۆیان هەڵنەسانە سەرپێ.


