هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعلات و هێزه‌كانی سوپای پاسداران له ماوه‌ی چه‌ند حه‌وتووی رابردوودا به هاوكاریی هاوبه‌ش له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری كوێستانه‌كانی شاهۆ و كۆساڵاندا 16 كه‌سیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد.
به‌پێی راپۆرتی "هرانا" له ره‌وتی ئه‌م ده‌ستبه‌سه‌ركردنه به‌ربڵاوه‌دا سه‌رله‌به‌یانیی 12ی گه‌لاوێژ، هێزه ئه‌منییه‌تییه‌كان به هاوكاریی سوپای پاسداران هێرشیان كرده سه‌ر ماڵی چوار هاووڵاتیی دانیشتووی گوندی لۆن ساداتی كامیاران. به وته‌ی شایه‌ت حاڵه‌كان ئه‌و هێزانه به به‌كارهێنانی هه‌ڵسوكه‌وتی توندوتیژانه هێرشیان كردۆته سه‌ر ماڵه‌كانی كورش یه‌گانه ئه‌قده‌م، مه‌جید ره‌حمانی، تاهیر ره‌حمانی و ئه‌مین ره‌حمانی و وێرای كوتان و لێدانی ئه‌م كه‌سانه و پشكنینی ماڵه‌كانیان و كردنی كیسه به‌سه‌ریاندا، ده‌ستبه‌سه‌ریان كردوون.
هه‌ر له‌م رۆژه‌دا ئه‌و هێزانه چوونه‌ته ئاوایی تیله‌كۆ، هه‌ڵكه‌وتوو له ده‌وروبه‌ری شاهۆ و شه‌ش كه‌س له دانیشتووانی ئه‌م گونده‌شیان به هه‌مان شێوه ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه. ساڵح رۆحانی، مزه‌فه‌ر سابری، حه‌مه‌خان كه‌ریمی، سه‌یوان سابری و سه‌یفوڵڵا سابری له‌و ده‌ستبه‌سه‌ركراوانه‌ن.
هه‌روه‌ها له 15ی گه‌لاوێژدا ئه‌و هێزانه دیسان هێرشیان كردۆته سه‌ر ماڵی چه‌ند هاووڵاتیی دیكه‌ی نیشته‌جێی گوندی لۆن سادات و ئه‌وانیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه. بورهان، ئه‌حمه‌د و رزگار ره‌حمانی سێ ده‌ستبه‌سه‌ركراوی دیكه‌ی ئه‌م گونده‌ن. شایانی باسه هێزه ئه‌منییه‌تییه‌كان ئه‌م جاره‌ش له‌گه‌ڵ ناوبراواندا به شێوه‌ی نامرۆڤانه هه‌ڵسوكه‌وتیان كردووه و وێڕای كوتان و لێدان ماڵه‌كانی ئه‌م كه‌سانه‌شیان پشكنیوه.
له كۆتاییه‌كانی مانگی گه‌لاوێژدا هه‌روه‌ها چوار كه‌س له دانیشتووانی ئاوایی "ئه‌سپه‌رێز" سه‌ر به شاری سه‌وڵاوا كه له ده‌وروبه‌ری كوێستانی كۆساڵاندا هه‌ڵكه‌وتووه له لایه‌ن هێزه‌كانی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كران. لالۆ ره‌حیم، مسته‌فا و دوو ژن به ناوه‌كانی ئاهوو و سه‌راعی له ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ئه‌و گونده‌ن كه له دوو رۆژی جیاوازدا ده‌ستبه‌سه‌ر بوون.
هرانا له‌مه‌ڕ ره‌وشی ئه‌و به‌ندكراوانه رایگه‌یاند: هاووڵاتییانی ده‌ستبه‌سه‌ركراوی گونده‌كانی سه‌ر به كامیاران پاش چه‌ند كاتژمێر بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعلاتی سنه راگوێزراون.


