کۆمەڵێک لە قوتابیانی قۆناغی دواناوه‌ندیی سه‌رده‌شت به بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی زمانی زگماكی بە بڵاو کردنەوەی داخوازی نامەیەک وێڕای بەرز راگرتنی زمانی
دایکی، داوایان لە کۆمەلانی خەڵک کردووە بە هەوڵدان بۆ خوێندن بە زمانی کوردی ئەو زمانە زیندوو رابگرن.
ئەمەش دەقی داواکاریی قوتابیانی سەردەستە:
مرۆڤ له کۆمه‌ڵگادا ده‌ژی و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌کانی پێوه‌ندی هه‌یه، زمان وه‌ک گرینگ‌ترین که‌رەسه بۆ پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کان ده‌ناسرێت؛ که‌واته تا زمان به‌ره‌و پێش بچێت ئاخێوه‌رانی ئه‌و زمانه‌ش پێشکه‌وتووتر ده‌بن، واته نه‌ته‌وه و زمان به یه‌که‌وه لکاون و جیابوونه‌وه‌یان مه‌حاڵه.
خوێندن و قسه پێکردن به زمانی زگماكی مافی هه‌ر تاکێکه و هه‌روه‌ک ده‌زانین له به‌ڵگه‌کانی مافی مرۆڤ و هه‌روه‌ها یاسای بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر وڵا‌تیشدا (له ئێران‌دا ئه‌سڵی 15) ئاماژه به گرینگیی زمانی زگماكی کراوه و که‌ڵک وه‌رگرتن لێی وه‌ک مافی ره‌وای هه‌ر مرۆڤێک زانراوه. رۆژی شه‌هید کرانی ئه‌حمه‌د سه‌لیم شاعیری نه‌ته‌وه‌یی به‌نگال 2ی ره‌شه‌مه (21ی فێوریه) به رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی دانراوه.
مرۆڤ هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانه‌وه واته لە زگی دایکیدا فێری زمانی زگماكی ده‌بێت و ئه‌و زمانه به دانی شیری دایک تێکه‌ڵاوی مرۆڤ ده‌بێت و یه‌که‌مین زمانه که مرۆڤ پێی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری پێوه‌ندی ده‌گرێت، به‌ڵام له زۆر وڵاتان کاتێ مناڵ ده‌چێته قوتابخانه به زمانێک خوێندن ده‌ست پێده‌کات که له هه‌موو بواره‌کاندا جیاوازیی له‌گه‌ڵ زمانی دایکی خۆی هه‌یه و به‌دڵنیاییه‌وه مناڵ تووشی کێشه ده‌کات.
کاتێک مناڵ زمانی زگماكی فێر نه‌بێت زۆر به دژواری ده‌توانێت زمانێکی تر فێر بێت، به‌ڵام گه‌ر فێرکردنی زمانی دووەه‌م له‌سه‌ر بنه‌مای فێربوونی زمانی زگماكی بێت، ئاکامێکی باشتری لێ ده‌که‌وێته‌وه و فیربوونی زمانی دووه‌م ئاسانتره.
گه‌ر جگه‌له زمانی زگماكی، زمانه‌کانی تر وه‌ک زمانی دووه‌می تاک دانێین خاڵی به‌رچاو ئه‌وه‌یه که مناڵ له زمانی دووهه‌مدا فێری زمانێکی تر بکرێت بێ ئه‌وه‌ی هێشتا زمانی خۆی فێر بووبێت که ئه‌مه هه‌ڵه‌یه. (با بڵێین له کوردستانی ئێران، مناڵێک که به فارسی ده‌خوێنێت فێری ئینگلیسی بکرێ له کاتێکدا که زمانی خۆی واته کوردی فێر نه‌بووه).
زه‌وت کردنی مافی زمانی، خۆی ده‌بێته هۆی: کوشتنی ژێهاتی واته ئیستعداده‌کان، شه‌رمین بارهاتن، هاتنه خواری توانایی ئاخێوه‌ری و به‌ره‌و رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ کێشه‌کان بۆ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و... .
ئێمه قوتابیانی قۆناغی دواناوه‌ندیی سه‌رده‌شت، ده‌نگی خۆمان له هه‌مبه‌ر زه‌وت کردنی مافی خوێندن به زمانی زگماكی، له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه؛ ده‌رده‌بڕین و هه‌روه‌ها داوا له خه‌ڵک ده‌که‌ین که بۆ فێربوون و گه‌شه‌پێدان به زمانی کوردی هه‌وڵ بده‌ن چون فێر بوون و ناسینی زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌لایه‌ن تاکه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌وه، نه ته‌نیا هێز گرتنی رۆحی و ده‌روونی لێده‌که‌وێته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌مه ده‌سپێکی دنیاناسی نه‌ته‌وه‌کانه و خۆناسی بنه‌مای کۆمه‌ڵناسی و هه‌روه‌ها دنیاناسییه.
وه‌رن با گشتمان زمانی زگماكی (کوردی) به‌رز راگرین و بۆ گه‌شه پێدانی تێ‌بکۆشین، با داهێنان و خوڵقاندنی پێ بکه‌ین، به هیوای ئه‌و رۆژه که هه‌موومان به زمانی دایکیی بخوێنین و بنووسین. پیرۆز بێت 2ی ره‌شه‌مه رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی.
قوتابییانی قۆناغی دواناوه‌ندی شاری سه‌رده‌شت
ک/ میدیا


