به بۆنهی 2ی رهشهمه، رۆژی جیهانیی زمانی دایکی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمهڵهی شۆڕشگێری زهحمهتکێشانی کوردستانی ئێران بهیاننامهیهکی هاوبهشیان دهرکرد.
دهقی بەیاننامە:
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
مامۆستایان، قوتابیان، خوێندکاران
ساڵی 1999ی زایینی بەمەبەستی یارمەتی کردن بە جۆراوجۆریی زمانی و فەرهەنگی، رێکخراوەی یۆنسکۆ رۆژی 21ی فێوریە بەرانبەربە 2ی رەشەمەی هەر ساڵێکی وەک رۆژی جیهانی زمانی دایکی دیاری کردووە و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ساڵی 2008ی زایینی وەک ساڵی جیهانی زمانەکان دیاری کردووە.
زمانی دایکی وەک یەکێک لە پایەکانی شوناسی مرۆڤەکان بە ئەژمار دێت و دیاریکردنی رۆژێکی تایبەت بەو مەبەستە نیشانەی گرینگی دانە بە جۆراوجۆری زمانیی و شوێندانەریی ئەو جۆراوجۆریە لەسەر پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، مخابن لە وڵاتی فرە نەتەوەی ئێراندا نەک یارمەتی بەو جۆراوجۆریی زمانییە کە هۆیەکە بۆ گەشە کردنی زمانی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا، نەکراوە و ناکرێ، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو هەوڵ بۆ نکۆڵی کردنی زمانەکانی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەم وڵاتە دراوە و تێکۆشەرانی ئەم بوارە رۆژبەرۆژ بەرەوڕووی ئاستەنگ و گیر و گرفتی جۆراوجۆر و تەنانەت زیندانی درێژماوە بوونەتەوە.
چوارچێوەی ئەم سیاسەتە لەسەر بنەمای یەک زمان یەک نەتەوە و یەک فەرهەنگ و یەک هۆیەت دانراوە و بە کردەوە زمان و فەرهەنگ و هۆیەتی میللەتانی غەیرە فارس سووکایەتیی پێ کراوە و دەکرێ و رێژیمی زاڵ بەسەر وڵاتدا بۆ بەرەوپێش بردنی ئەم سیاسەتە لە هیچ چەشنە پیلانێکی دژی ئینسانی خۆی نەبواردووە و نابوێری. بەڵام بە خۆشییەوە هەموو ئەو گوشار و بەربەست و سەرکوت کردنانەش نەیتوانیوە رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە هەوڵدان بۆ فێربوونی زمانی دایکی دڵسارد بکاتەوە، بە پێچەوانەوە رۆژ بە رۆژ رۆڵە وشیار و دەروەستەکانی نەتەوەکەمان بۆ دەوڵەمەند کردن و زیندوو راگرتنی زمانی دایکیی خۆیان تێکۆشاون.
هاووڵاتیانی خۆشەویست
هەروەک دەزانن ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە و هەر بەو پێیە فرەزمانە، بەڵام بێجگە لە زمانی فارسی کە بە رەسمی ناسراوە و لە ئاستی سەرانسەریدا دەخوێندرێ، زمانی هیچکام لە نەتەوەکانی دیکەی ئێران نە بە رەسمی ناسراوە و نە رێگای خوێندنی بەو زمانە دەدرێ ئەمە لە کاتێک دایە کە جۆراوجۆریی زمانی بە یەکێک لە سامانەکانی هەر وڵاتێک بە ئەژمار دێت.
بۆ زیندوو راگرتنی زمانی دایکیمان کە پایەی شوناس و هۆیەتی نەتەوەکەمانە و هۆیەکی بەهێزە لە پێشگیری کردن لە تواندنەوەمانە هەوڵ بدەین لە هەر رێگایەکەوە کە بۆمان دەکرێ رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە گرینگیی فێربوونی زمانی دایکی ئاگادار بکەینەوە و لە بواری جۆراوجۆردا کار لەسەر گەشەکردن و دەوڵەمەند کردنی بکەین.
هیوادارین رۆژی جیهانی زمانی دایکی ببێتە رۆژی رێزگرتنی نەتەوەکانی جیهان لە یەکتر و بنەما فەرهەنگییەکانی نەتەوەکەمان کە زمان کۆڵەکەی ئەساسییەتی، دەوڵەمەندتر بکرێن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
29ی رێبەندانی 1390ی هەتاوی
18ی فێوریهی2012 زایینی


