هه‌یئه‌تێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له رێوڕه‌سمی جێژنی دووی رێبه‌ندان 66مین ساڵـڕۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له شاری هه‌ولێر به‌شداریی کرد.
به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵنێری کوردستان میدیا، رێکه‌وتی 30ی رێبه‌ندانی 1390ی هه‌تاوی هه‌یئه‌تێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به سه‌رپه‌رستیی "حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی" جێگری سکرتێری گشتیی حیزب له رێوڕسمی 66مین ساڵـڕۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستاندا به‌شدار بوو. ئه‌و رێوڕسمه به ئاماده بوونی "مه‌سعوود بارزانی" سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و دوکتور "به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح" سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له نوێنه‌رانی حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان له هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵڵای شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌که به سروودی نه‌ته‌وایه‌تیی "ئه‌ی ره‌قیب" و راگرتنی خوله‌کێک بێ‌ده‌نگی بۆ گیانی پاکی شه‌هیدان ده‌ستی پێ‌کرد.
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا کۆمه‌ڵێک په‌یام و وتار له‌لایه‌ن که‌سایه‌تی و لایه‌نه‌کانه‌وه پێشکه‌ش کرا:
ــ وتاری "مه‌سعوود بارزانی" سه‌ۆکی هه‌رێمی کردستان
ــ وتاری "جه‌لال تاڵه‌بانی" سه‌رکۆماری عێراق
ــ وتاری دوکتور به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان
ــ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پارتی ئاشتی و دێموکراسی
ــ په‌یامی ئه‌نجومه‌نی سیاسیی کوردی سووریه
دواتر "حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی" جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران په‌یامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی پێشکه‌ش به به‌شدارانی رێوڕه‌سمه‌که کرد.
پاشان ژماره‌یه‌کی دیکه له حیزب و رێکخراوه کوردستانییه‌کان وتار و په‌یامی خۆیان به‌و بۆنه‌وه پێشکه‌ش کرد.
هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی کونسوڵخانه‌کان له هه‌رێمی کوردستان و چه‌ندین که‌سایه‌تی و نووسه‌ر و ئه‌دیب له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌شداری ئه‌و رێوڕه‌سمه بوون، که هه‌یئه‌تی حیزب له‌و ده‌رفه‌ته‌دا چاوی به ژماره‌یه‌ک له‌و که‌سایه‌تییانه که‌وت.
رێوڕه‌سمه‌که به خوێندنی چه‌ندین گۆرانیی لوڕی و کوردی و هه‌ڵپه‌ڕکێ کۆتایی پێهات.
ک/مــــــــیدیا


