دووهەمین سمیناری هاوبەشی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی خوێندەوارانی رۆژهەڵات سهبارهت به تەحریمی خۆلی نۆیەمی هەڵبژاردنی مەجلیسی رێژیم بەڕێوە چوو.
بهپێی ههواڵی ههواڵنێری کوردستان میدیا، رێکهوتی 29ی رێبەندانی 1390ی ههتاوی، سمینارێک بە بەشداریی ئەندامانی هەر دوو رێکخراوی خوێندکاری و کۆمەڵێکی بەرچاو لە میوانان لە ساڵۆنی رێوڕەسمەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە بهڕێوهچوو.
پاش خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی رەقیب" و خۆلەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی بزووتنەوەی خوێندکاری، "رەحیم سورخی"، مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری راگەیاندن، لە لێدوانێکدا بەکارهێنانی وشەی هەڵبژاردن لەمەڕ پرۆسەی دیاریکردنی مۆرەکان و کارگێڕانی کۆماری ئیسلامیی بە هەڵەیەکی باو زانی و هەڵبژاردنی لەم رێژیمەدا بە هەنگاوێکی فریودەرانە و جۆرێک شانۆگەری لە قەڵەم دا.
دواتر "کۆماس شەهبازی"، نوێنەری کۆمەڵەی خوێندەوارانی رۆژهەڵات وێڕای باس کردن لە ئیستراتیژی و کارنامەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە پێوەندیی لەگەڵ پرۆسە سیاسییەکان لە ئێراندا، رۆڵی ئەم بزووتنەوەیەی لە تەحریمی چالاکانەی هەڵبژاردندا بە گرینگ و پـڕبایەخ وهسف کرد.
لە بەشی دووهەمی سمینارەکەدا سەرەتا "حیسام دەستپیش"، مامۆستای زانکۆ و کارناسی زانستە سیاسییەکان وێڕای شرۆڤەی تێئۆریکی پرۆسەی دێموکراسی و هەڵبژاردن، باسی لە ناکۆکی و دژوازیی ماهییەت و هەڵسوکەوتی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەسڵەکانی دێموکراسی و هەڵبژاردنی راستەقینە کرد.
پاشان "سەلام ئیسماعیلپوور"، نوێنەری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لە کەڵک وەرگرتنی نابەجێی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە هێندێک دەستەواژەی وەکوو هەڵبژاردن، کۆمارییەت و مەشرووعییەت و خەسارەکانی برەو پێدانی ئەم چەمکانە لە ئەدەبیاتی سیاسیی نەیارانی رێژیمدا کرد و پێناسە کردنەوەی سەر لە نوێی پرۆسەکان و دامەزراوە سیاسییەکانی رێژیمی بە ئەرکێکی گرینگ و چارەنووس ساز هەڵسەنگاند.
لە بەشی کۆتایی سمینارەکەدا بەیاننامەی هاوبەشی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی خوێندەوارانی رۆژهەڵات لە پێوەندی لەگەڵ تەحریمی شانۆگەریی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی رێژیمی ئێران، لەلایەن "فواد محهممهدی"یهوه خوێندرایەوە.
ک/مـــــــــیدیا


