هەر وەک ئاگادارن رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوت و خامۆش کردنی بزووتنەوەی میللی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو
پیلان و ئامڕازێک کەڵک وەردەگرێ.
یەکێک لەو پیلانانە بریتیە لە پەلامار بۆ سەر سامانە سروشتی و مڵک و سەروەت و سامان و دارایی خەڵک و بەتاڵان بردنی شوێنەوارەکانی تەمەدوون و شارستانیەتی کورد. دزین و بەتاڵان بردنی ئاسەوارە قەدیمییەکانی ژێرخاکی کوردستان، کە بایەخی مێژووییان هەیە، سیاسەتی ئاشکرای کاربەدەستانی رێژیم بووە لەو چەند ساڵانەی دواییدا.
رێژیم سەرەڕای دەکار کردنی سیاسەتی سەرکوت و زەبر و زەنگی سیاسی و پۆلیسی لە کوردستان و گرتن و راونان و ئیعدامی رۆڵە خەباتگێرەکانی گەلەکەمان، لەباری فەرهەنگی و کولتووریشەوە، کەوتۆتە سڕینەوە و لەنێو بردنی زمان و ئەدەب و فەرهەنگ و داب و نەریتەکانی کۆمەڵی کوردەواری.
ئێستا رێژیم لە رێگای بە رواڵەت ئینساندۆستییەوە، خەریکی بەخشینەوەی پارەیە و لەو رێگایەوە دەیەوێ مڵک و زەوی و زار و مەرتاعی خەڵک بکڕێ و لەو رێگایەوە دەیەوێ ئاوارە و سەرگەردانیان بکات و لە سەر زێد و خاکی باوک و باپیرانی خۆی وەدەریان بنێ. سەیر ئەوەیە رێژیم لە هەندێک شوێن سیما و نیەت دزێوی خۆی نیشان دەدا و ئەو کەسانەی ئامادە نەبن مڵک و ماڵ و زەوی و زاریان بفرۆشن، بە زۆری و لە رێگای بەکارهێنانی هێزە پۆلیسی و ئەمنیەتەکانیەوە، لێیان داگیر دەکا و مڵک و ماڵیان دەکاتە مڵکی دەوڵەت.
ئێستا رێژیم خەریکی بەڕێوە بردنی پیلانێکی لەو چەشنەیە لە ناوچەی بەربنەی پیرانشار.
بەربنە ناوچەیەکی پان و بەرین و شاخاوییە و کهتۆتە بناری قەندیل. لە باری ستراتیژیکییەوە، دەکەوێتە سەر سنووری هەرێمی کوردستانی عیراقی فیدراڵ. لەباری سروشتییەوە ئەو ناوچەیە جوان و رازاوەیە و دەکرێ بکرێتە هاوینە هەوار و سەیرانگا و تەنانەت پارکێکی میللی و بە زستان و هاوین و بەهار و پایزان خەڵک بگرێتە باوەش. ئاو و کانیاو مێرگورازێکی زۆری تێدایە. مـێرگە چەکۆ لە کوێستانە بەناو بانگەکانی ناوچەکەیە. ئەو ناوچەیە کەوتۆتە بەری باشووری بناری شاخی سپی رێزی خەیلانیان. ئەو ناوچەیە لە نیوان شنۆ و پیرانشاردا هەڵکەوتووە.
هەر وەک وتمان هەڵکەوتی جوغرافیایی ئەو ناوچەیە و بایەخی ستراتیژیکی مەنتیقەکە، بۆتە هۆی ئەوەی رێژیم بیخاتە ژێر چاودێری و مەیدانی بەڕێوە بردن و تاقی کردنەوەی پیلانەکانی خۆی. ئاخر خەڵکی ئەو ناوچەیە هەمیشە پشتوپەنای بزووتنەوی میللی دێموکراتی کوردستان بووە و ناوچەکەش مەیدانی تێکۆشانی هێزە خەباتگێرەکانی نێو بزووتنەی کورد بووە.
تایبەتمەندییەکی دیکەی ناوچەکە ئەوەیە کە هەروەک باسمان کرد، دەکهوێتە سەر سنووری کوردستانی عێراق. کە ئەوەش بە نۆرەی خۆی گرینگیی مەنتیقەکە لەباری سیاسییەوە دەباتە سەر. بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو ئەو ناوچەیە هەمیشە شوێنی هەڵسووڕان و چالاکی نواندنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە. بە سەدان رۆڵەی کورد لەو ناوچەیەدا بوونەتە پێشمەرگە و بە سەدان کوڕ و کچی قارەمانی ئەو ناوچیە لە ریزەکانی شوڕشدا خەباتیان کردووە و خەبات دەکەن و ژمارەیەکی زۆریشیان شەهید بوونە.
لە بواری ئابووریشەوە خەڵکەکەی خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین و بە سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی خواردەمەنی دێته ئاژمار.
لەبەر ئەم هۆیانە کەوتۆتە بەر پیلانی رێژیم و دوژمن دەیەوێ خەڵکەکەی ئاوارە و هەڵوەدا بکات و لە سەرخاک و نیشتیمانی باب و باپیرانیان دەریان پەرێنی. ئاخر ئەو ناوچەیە دەکرێ وەک پردی هاتوچۆی پێشمەرگە ئهژمار بکرێت.
ئێستا رێژیم دەیەوێ لەو ناوچە ئاوبەندێک بە ناوی ئاوبەندی سێڵوێ دروست بکات. بە تەواو بوونی ئەو ئاوبەندە هەموو ناوچەکە دەکەوێتە ژێر ئاو. بۆ نموونە هەموو گوندەکانی سێڵوێ، پیرەکانی، گردەسوور، قوببە، کولیچ، گردی کاولان، ماشکان، زێوکە، خاڵدار، هەمزاوای سەروو، هەمزاوای خواروو، دەبێ چۆڵ بکرێن. هەروەها کوێستانەکانی سوڵتان، خەلەکان، گۆرانگێ، مێرگەچەکۆ، چیغی دەرێ، کانی سەربەزێر، کانی خودای، تاڵەجاڕان، دەکەونە بن ئاو.
یەکێک لە ئامانجەکانی رێژیم ئەوەیە ئاوەکانی ئەو ناوچەیە لە رێڕەوی سروشتی خۆی لادا و بە "چیغەدەرێ"دا بیان باتەوە حەسەنلوو و لەوێڕا بۆ ناوچەی عەجەمستانیان بەرێ.
بەجێیە خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی ناوچەکانی پیرانشار بەتایبەتی ئەو پیلانەی رێژیم لە قاو بدەن و بۆ پووچەڵ کردنەوەی بکەونە ناڕەزایەتی دەربڕێن.
لەو بەینەدا ئەرکی هێزە سیاسییەکانی کوردستانە کە خەڵکی ناوچە لە قووڵایی ئەو پیلانە دژی کوردستانی و زدی میللییە ئاگادار کەنەوە. ئەرکی سەرشانی راگەیەنە گشتییەکانی کوردستانە بۆ لەقاو دانی ئەو پیلانە بکەونە خۆ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ راوەستان بەرامبەر بەو پیلانانەی رێژیم مۆبیلیزە بکەن.


