خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
هاوڕێیانی تێکۆشه‌ر و ماندوونه‌ناس!
وه‌ک ده‌زانن، رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران له ماوه‌ی ته‌مه‌نی
33 ساڵه‌ی خۆیدا به‌رده‌وام شانۆی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری و مه‌جلیس و شووراکانی به مه‌به‌ستی ره‌وایی به‌خشین به خۆی به‌ڕێوه بردووه، بۆ گه‌رمی دان به‌و هه‌ڵبژاردنانه کۆمه‌ڵێک پیلان و ته‌رفه‌ندی جۆراجۆری به‌ڕێوه بردوون که به داخه‌وه سه‌ره‌ڕای ده‌یان جار تاقیکاری و ئاشکرا بوونی پیلانه‌کانی دیسان توانیویه‌تی ئه‌م کایه‌یه له ده‌ورێکی دواتردا به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت.
هاوڕێیانی تێکۆشه‌ر!
ئێستا که به‌ره‌و خۆڵی نۆیه‌م له هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی رێژیم ده‌چین، رێژیم له‌و په‌ڕی له‌رزۆکی دایه و ده‌یهه‌وێ به ته‌رفه‌ند و پیلانی جۆراوجۆر و راکێشانی خه‌ڵک بۆ سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان، شانۆی ره‌وا بوونی خۆی نیشانی جیهان بدات، حیزبه‌که‌مان وێـڕای نزیک به ته‌واوی حیزبه کوردی و حیزبه‌کانی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان و ته‌نانه‌ت سه‌رانسه‌رییه‌کان، داوای ته‌حریم کردنی شانۆسازیی هه‌ڵبژاردن بۆ مه‌جلیسی رێژیمی کردووه. جێی خۆیه‌تی داواتان لێ بکه‌ین بۆ پووچه‌ڵ کردنه‌وه و ناکام کردنی رێژیم له ئه‌نجام دانی ئه‌م شانۆسازییه‌دا به گه‌یاندنی په‌یامی حیزبه‌که‌مان به گوێی خه‌ڵک و روونکردنه‌وه‌یان سه‌باره‌ت به شانۆی هه‌ڵبژاردنی رێژیم زۆر به جیدی و له‌و په‌ڕی وشیاری و له سه‌ره‌خۆیی تێبکوشن.
ئێوه ده‌توانن به بڵاوکردنه‌وه‌ی تراکت و پۆستێر و دیوارنووسین، ناردنی SMS، بڵاو کردنه‌وه‌ی شه‌ونامه، له قاودانی گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئابووریێ مۆره‌کانی رێژیم که خۆیان بۆ به ناو نوێنه‌رایه‌تیێ مه‌جلیس کاندید کردووه، باس له پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ و جینایه‌ته له ئه‌ژمار نه‌هاتووه‌کانی رێژیم له کوردستان، بێ ئاسۆیی رێژیم و ناکارامه‌یی ئه‌و نۆێنه‌رانه و ته‌نانه‌ت ته‌واویه‌تی مه‌جلیس و دام و ده‌زگاکانی ئه‌وو رێژیمه سته‌مکاره، هه‌ژاری و بێ‌کاری و ده‌یان دیارده‌ی دزێوی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌ن که له ئاکامی سیاسه‌تی هه‌ڵه و پاوانخوازانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م رێژیمه‌دا به‌سه‌ر خه‌ڵک هاتوون و بۆ خه‌ڵک روون بکه‌نه‌وه و داوایان لێی بکه‌ن له شانۆی هه‌ڵبژاردندا به‌شداری نه‌که‌ن هه‌تا سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدانی رێژیم له رۆژی به ناو هه‌ڵبژاردندا چوڵ بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی رێژیم نه‌توانێ ژستی ره‌وایی خۆی له به‌ر چاوی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگای جیهانی بگرێت.
هاوڕێیانی تێکۆشه‌ر!
بابه‌تێکی دیکه که پێویسته زۆر کاری له‌سه‌ر بکه‌ن، ئه‌و کێبڕکێ درۆیینه‌یه که رێژیم له نێوان دوو پێکهاته‌ی مه‌زهه‌بی، زاراوه‌یی، نه‌ته‌وه‌یی، عه‌شیره‌تی و ... هتد بۆ گه‌رمی دان به هه‌ڵبژاردن، له نێوان مۆره‌کانی خۆی سازی ده‌کا و به‌م چه‌شنه ده‌یهه‌وێ خه‌ڵک بکێشێته سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان، ئێوه ده‌بێ به بێ دوو دڵی و لێبـڕاوانه به وریاییه‌وه بۆ خه‌ڵکی روون بکه‌نه‌وه ئه‌و مۆرانه که به رواڵه‌ت که‌وتوونه‌ته کێبڕکێی هه‌ڵبژاردن هه‌موو مۆره‌ی ده‌ستنیشان کراوی رێژیم و په‌سند کراوی شوورای نگه‌هبانن و ناتوانن نۆێنه‌ری خه‌ڵک بن، به‌ڵکوو ئه‌وانه کۆمه‌ڵێک مرۆڤی قازانج‌خواز و سه‌ر به رێژیمن و له خزمه‌ت ئامانجه‌کانی رێژیم‌دا کار ده‌که‌ن.
خاڵێکی دیکه‌ی جێگای سه‌رنج که ده‌بێ بۆ خه‌ڵک روون بکرێته‌وه، ئه‌و پیلان و به‌رنامانه‌ن که ئیداره‌ی به ناو "تامین اجتماعی" بۆ راکێشانی خه‌ڵکی هه‌ژار و فه‌قیر بۆ سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان، راده‌یه‌کی که‌م پووڵ و پێداویستیی ژیان له سه‌ر و به‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به به‌شێک له خه‌ڵکی هه‌ژار و فه‌قیر ده‌دات که ئه‌مه نه‌ک هه‌ر یارمه‌تی کردن به خه‌ڵک نیه، به‌ڵکوو سووکایه‌تی کردن به که‌رامه‌تیانه و نابێ قه‌بووڵی بکه‌ن.
هاوڕێیانی تێکۆشه‌ر!
ئێوه ده‌توانن له زۆر رێگای جۆراجۆره‌وه ئه‌م په‌یامه به خه‌ڵک بگه‌یه‌نن، بۆ وێنه ده‌توانن له رێگای سندووقه‌کانی پۆست، نووسین له‌سه‌ر ئه‌سکه‌ناس (پول)، ناردنی sms، بڵاوکردنه‌وه‌ی شه‌ونامه و ده‌یان رێگای دیکه‌وه که هه‌ر کام له ئێوه ره‌نگه شاره‌زای بن و تاقیتان کردبێته‌وه ئه‌م ئه‌رکه گرینگه به‌ڕێوه به‌رن.
نا بۆ شانۆی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵێ بۆ ته‌حریمی چالاک
سه‌رکه‌وتن بۆ گه‌له‌که‌مان
ساخی و سه‌لامه‌تی بۆ ئێوه
کومیسیۆنی ته‌شکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران


