هه‌یئه‌تێک له ئه‌ندام پارلمانه‌کانی تورکیه سه‌ربه (BDP)، سه‌ردانی بنکه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان له شاری هه‌ولێر کرد و له‌لایه‌ن هه‌یئه‌تێکی
حیزب به سه‌رپه‌رستیی "حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی"یه‌وه پێشوازییان لێ‌کرا.
به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵنێری کوردستان میدیا، دوانیوه‌ڕۆی رۆژی هه‌ینی رێکه‌وتی 14ی رێبه‌ندانی 1390ی هه‌تاوی هه‌یئه‌تێک له ئه‌ندام پارلمانه‌کانی پارتی ئاشتی و دێموکراسی (BDP)، پێکهاتوو له "مولکیه بیرتانه"، "موراد بۆزلاک" و "ئۆزداڵ ئۆچه‌ر"، سه‌ردانی بنکه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان له شاری هه‌ولێر کرد و له‌لایه‌ن هه‌یئه‌تێکی حیزب به سه‌رپه‌رستیی "حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی" جێگری سکرتێریی گشتیی حدک ئێرانه‌وه، به گه‌رمی پێشوازییان لێ‌کرا.
سه‌ره‌تا "حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی" جێگری سکرتێری گشتیی حیزب، به‌بۆنه‌ی کاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌ی وان، جارێکی دیکه هاوخه‌میی حدک ئێرانی پێ راگه‌یاندن و پاشان باسێکی سیاسیی له‌سه‌ر ره‌وشی کورد به‌گشتی، بارودۆخی کورد له ئێران و هه‌رکام له به‌شه‌کانی کوردستان، پێویستیی هه‌رچی زیاتری بره‌ودان به خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به مافه‌کانی کورد له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان و روانگه و بۆچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌سه‌ر پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی هێنایه به‌ر باس.
دواتر هه‌ر کام له ئه‌ندام پارلمانه‌کانی پارلمانی تورکیه بیروڕا و بۆچوونی حدک ئێرانیان له‌سه‌ر پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌نرخ هه‌ڵسه‌نگاند و پاشان چه‌ندین باس و بابه‌تی پێوه‌ندیدار به پرسی کوردیان هێنایه به‌ر باس.
پاش یه‌ک کاتژمێر، هه‌یئه‌تی میوان به‌ڕێزه‌وه به‌ڕێ کران.
ک/مـــــــــیدیا
بۆ بینینی سەرجەم وێنەکان ئێرە کلیک بکە.


