هه‌یئه‌تێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به سه‌رپه‌رستیی "لوقمان ئه‌حمه‌دی"، له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت به کورده‌کانی تورکیه که له‌لایه‌ن پارلمانتارێکی بریتانیا پێکهاتبوو، به‌شدارییان کرد.
به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به ماڵپه‌ڕی کوردستان میدیا، رێکه‌وتی 11ی رێبه‌ندانی 1390ی هه‌تاوی، هه‌یئه‌تێکی نوێنه‌رایه‌تیی حدک، پێکهاتوو له "لوقمان ئه‌حمه‌دی" نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات و "رزگار ئاڵانی" هاوکاری به‌شی پێوه‌ندییه‌کانی کۆمیته‌ی حیزب له بریتانیا، له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت به پرسی کوردی تورکیه له پارلمانی بریتانیا، به‌شدارییان کرد.
ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه له‌لایه‌ن "هیویل ویلیامس" ئه‌ندام پارلمانی بریتانیاوه پێکهاتبوو و "سه‌لاحه‌دین دمیرتاش"هاوسه‌رۆکی حیزبی (BDP) میوانی سه‌ره‌کیی ئه‌و دانیشتنه بوو.
له‌م کۆبوونه‌وه‌دا هه‌رکام به‌ڕێزان "هیویل ویلیامس"، "سه‌لاحه‌دین دمیرتاش" و "نه‌زمی گول" به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی (BDP) وتاریان پێشکه‌ش کرد.
باسی سه‌ره‌کیی کۆبوونه‌وه‌که له‌سه‌ر بارودۆخی کوردستانی تورکیه و پێشێلکارییه‌کانی مافی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌و وڵاته‌دا بوو.
جێی ئاماژه‌یه که هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکرات چاوپێکه‌وتنێکی تایبه‌تییان له‌گه‌ڵ سه‌لاحه‌دین دمیرتاش، هاوسه‌رۆکی حیزبی (BDP) پێکهێنا.
ک/مـــــــیدیا


