چهندین حیزب و رێکخراوی بهشداری کۆنگرهی کوردهکانی سووریه له ههولێر، سهردانی دهفتهری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.
بهپێی ههواڵی گهیشتوو به ماڵپهڕی کوردستان میدیا، سەر لە بەیانیی ئهمـڕۆ سێشهممە، رێكەوتی 11ی رێبهندانی 1390ی ههتاوی، هەیئەتێكی هاوبەشی چەندین حیزب و كەسایەتیی سیاسیی كوردی سووریە، كە بۆ بەشداری لە كۆنگرەی كوردەكانی سووریە هاتبوونە هەرێمی كوردستان، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانیان كرد و لەلایەن هەیئەتێكی حیزبەوە بە سەرپەرستیی بەڕێز "مستەفا هیجری"، بە گەرمی پێشوازییان لێ كرا.
لە سەرەتادا بەڕێز هیجری بەخێرهاتنی گەرمی ئەو هەیئەتەی كرد و پیرۆزبایی سەركەوتن و كارەكانی كۆنگرەی لێكردن و روانین و بۆچوونی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی لە پشتیوانی لە برا كوردەكانی سووریە و رۆڵی تێكدەرانەی رێژیمی ئێرانی خستە بەر باس.
دواتر هەركام لە ئەندامانی هەیئەتی بەشدار وێـڕای سپاس لە پێشوازی و میوانداریی سكرتێری گشتیی حیزب، بۆچوونی خۆیان لەسەر كۆنگرە و رەوشی كوردی سووریە باس كرد و هەڵوێستی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانهوه بەرز نرخاند.
ئهم ههیئهته پێکهاتبوو له بەڕێزان "عەباس شێركۆ" و "مستەفا عوسمان"، سهرۆک و جێگری سەرۆكی شوورای نیشتمانیی كوردستان، بەڕێز "نەشئەت محەممەد"، سكرتێری حیزبی ویفاقی دێموكراتی كوردستان ـ سوریە، بەڕێز "جان كورد" وتەبێژی شوورای نیشتمانیی كوردستان، "ئهحمد مستەفا" و دوکتور "جوان حەقی"، ئەندامانی شوورای نیشتمانیی كوردستان و بەڕێز "نالین قەنبەر"، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی ویفاقی دێموكراتی كوردستان.
ک/مـــــــــیدیا
بۆ بینینی سەرجەم وێنەی ڕێوڕەسمەکە ئێرە کلیک بکە.


