هاونیشتمانانی بەڕێز هەروەک دەزانین هەڵبژاردن یەکێکە لە مسادیق و پرسە گرینگەکانی ئایین کە دەبێ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و هێنانە کایەی کەش و هەوایەکی گونجاوی
سەردەم و جێبەجێکردنی ویستی کۆمەڵ لە چوارچێوەی نیزامێکی هەمەگیر و فرەرەهەندیدا بێتە ئاراوە، گەر ئاوردانەوەیەک بۆ دەقە پیرۆزەکانی ئایین و سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلام بکەین گرینگی ئەم پرسە زیاتر دەردەکەوێ، تەنانەت بۆ هەڵبژاردن و ئینتخابات و بەشداری کردن لە شۆرا و هەڵسەنگاندن و دیاری کردنی کەسانێکی شیاو. لەم پێناوەدا بۆ هاتنە ئارای کەش و هەوایەکی گونجا و شیاوی کۆمەڵگە دەگاتە ئاستی پێویست و واجب بوون کەوابوو نەک هەر بەشداربوون لە پرسێکی گرینگدا، ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێشوازی لێدەکات، تەنانەت بەشدار نەبوون و لە ئاکامدا هاتنە کایەی نیزامێکی ناسەقامگیر بە کەمترخەمی دەزانی کە دەبێ لە لای خوای مەزن وڵامدەر بین". بەڵام ئەگەر واقعبینانەوە تەماشای هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەین و لەگەڵ هەڵبژاردنێک کە ئایینی ئیسلام ئاماژەی بۆ کردوە هەڵیانسەنگێنین دەردەکەوێ ئەم شێوازە هەڵبژاردنانە نە تەنیا لە هەموو رێنماییە ئایینییەکان بە دوورن، بەڵکو دەنگ و متمانەی خەڵکیش بە شیاوی ئیعتیبار وەرناگیرن و تەنیا شانۆگەریە و بە جۆرێک گاڵتە کردن بە کۆمەڵگایە چونکە بەربژێرەکانیش دەبێ لەگەڵ ئەم سیستم و نیزامەی کە بەسەر ئێمەیدا سەپاندوە خۆ بگۆنجێنن تەنانەت بێ باوەر بە چوکەترین بڕگە و مادەی قانونی ئەساسی و ویلایەتی فەقیهی دەبێتە هۆی پەراوێز خستن و تەنانەت سزادنیش. هەر وەک لە ساڵانی رابردوودا بە دەیان جار شاهیدی ئەم جۆرە سزادان لێ پرسینانە بووین . ئەوەی کە بۆ هەموومان روون و ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی بە درێژای تەمەنی و لە کۆی هەموو هەڵبژاردنەکان نیشانی داوە کە ئیرادەیەک بە پێچەوانەی ویستی رێژیم بێت، هەرچەند بەرهەق و رەواش بێت نەک هەر کوفرە بەڵکو لەسەر ئەم تاوانەش بە فتوا و ئیزنی رێبەر بە توندترین شێوە سزا دەدرێن و لەو رەوانگەیەشەوە ئایینیش تا ئەم کاتە بەکەڵکە کە لە بەرژەوەندی ئەوان دابێ. هەر ئەم پاوانخوازیە وایکردووە کە ناعەداڵەتی و ناداپەروەری کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەنانەت ئایینیش پەرە بستێنێت و لە لایەکیتریشەوە دیکتاتۆری و پاوانخوازی و جورم و جینایەت و رێزنەگرتن لە کەرامەتی مرۆیی بگاتە چڵەپۆپە، ئەوەی کە جێگەی داخە و هەستی هەموو باوەردارێک دەوروژێنێ ئەوەیە کە هەموو ئەم بێ عەداڵەتی و نابەرانبەریەش لە رێژیمێکدا هاتۆتە گۆڕێ کە بە ناوی ئاییین و ئایینەداریەوە دەکرێ و بۆتە هۆی خوڵقاندنی کارەسات و نەهامەتی بۆ کۆمەڵگا. کە هەر ئەویش وای کردووە کە رێژەی تەکینەوە و رەوینەوەی خەڵک بە گشتی و وەچە و نەوەی تازە پێگەیشتوومان بە تایبەتی رووی لە زیاد بوون بێ و زەرەر لە سیمای راستەقینەی ئیسلام بدا. هەر بۆیە ئێمە وەک "یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران" بەپێی هەموو پیچوەرەکانی دینی، بەشداریی کردن لە هەڵبژاردن و دەنگدان بە حکوومەتێک کە حکومەتمەدارییەکەی لەسەر میحوەر و بەرژەوەندخوازی، نادادپەروەری، گەندەڵی ماڵی، ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و لەبەرچاو نەگرتنی ویست و ئیرادەی خەڵک تێیدا بەرچاوە بە ناڕەوا وحەرام دەزانین و دەنگدان بە وەها رێژیمێک دەنگدان بە زۆرداری و چەوسێنەری دەزانین و لەم بەستێنەشدا ئەرکمان دەکەوێتە سەر شان کە لە بەرامبەر رژیمدا هەڵوێست گرین و دژ بە سوڵتانی زاڵم بین و رازی بە هەر چەشنە چەوسانەوەیەک نەبین.
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
3ی رێبەندانی 1390ی هەتاوی


