رێوڕه‌سمی 2ی رێبه‌ندان 66مین ساڵڕۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان به به‌شداریی ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی رێبه‌ری و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حدک ئێران له شاری که‌لار به‌ڕێوه چوو.
به‌پێێ راپۆرتی هه‌واڵنێری کوردستان میدیا، رێکه‌وتی 30ی به‌فرانباری 1390ی هه‌تاوی، به‌بۆنه‌ی 66مین ساڵــڕۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، به به‌شداریی به‌ڕێز رۆسته‌م جه‌هانگیری، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب له که‌لار و نوێنه‌ری حیزب و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
رێوڕه‌سمه‌که به خوێندنه‌وه‌ی سروودی نه‌ته‌وایه‌تیی "ئه‌ی راقیب" و خوله‌کێک بێ‌ده‌نگی بۆ رێز گرتن له گیان پاکی شه‌هیدانی کوردستان ده‌ستی پێ‌کرد.
به‌ڕێز "رۆسته‌م جه‌هانگیری" ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حدک ئێران چه‌ند وته‌یه‌کی پێشکه‌ش به ئاماده بوانی رێوڕه‌سمه‌که کرد.
به‌ڕێز رۆسته‌م جه‌هانگیری ئاماژه‌ی به خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی ماف پێشێل کراو، بـڕینی رێگایه‌کی پـڕ که‌ند و له‌ند و دوور و درێژ و ماندوو بوون و قوربانیه‌کی زۆری له‌و خه‌باته‌دا پێشکه‌ش کردووه و قه‌د سه‌ریان بۆ داگیرکه‌ران نانه‌نواندووه. هه‌ر بۆیه هه‌ندێ جاریش سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه و له ده‌رفه‌ته‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی کورد که‌ڵکی وه‌رگرتووه و نموونه‌ی هه‌ره به‌رچای ده‌توانین ئاماژه به دامه‌زرانی کۆماری کوردستان به ده‌ستی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکه‌ین.
"ئه‌ی دێموکرات" نێوی سروودێک بوو که له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی رێوڕه‌سمه‌که‌دا له‌لایه‌ن کۆڕی هونه‌ریی حیزبه‌وه خوێندرایه‌وه.
دواتر په‌یامی حیزب و رێکخراوه‌کانی به‌شداری رێوڕه‌سمه‌که له‌لایه‌ن نوێنه‌ره‌کانیانه‌وه خوێندرایه‌وه:
ــ په‌یامی پارتی دێموکراتی کوردستان لقی 22 له‌لایه‌ن "ئیبراهیم عه‌لی موراد"ه‌وه، خوێندرایه‌وه.
ــ برووسکه‌ی پیرۆزبایی مه‌ڵبه‌ندی 11ی گه‌رمیانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان له‌لایه‌ن کارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی 11ـه‌وه خوێندرایه‌وه.
ــ په‌یامی کۆمیته‌ی مه‌حه‌لیی گه‌رمیانی حیزبی شیۆعیی کوردستان له‌لایه‌ن "هاوڕێ ئه‌حمه‌د"ه‌وه پێشکه‌ش کرا.
ــ په‌یامی بزووتنه‌وه‌ی مه‌کۆی گۆڕان له که‌لار له‌لایه‌ن "هوشیار عومه‌ر عه‌لی"یه‌وه خوێندرایه‌وه.
هه‌روه‌ها په‌یامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان و یه‌کیه‌تیی ئافره‌تانی کوردستان به بۆنه‌ی 66مین ساڵـڕۆی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، بۆ رێوڕه‌سمه‌که نێردرابوو.
پاشان گۆرانییه‌کی فولکلۆر له‌لایه‌ن خاتوو "ئه‌ستێره خوسره‌ی"یه‌وه پێشکه‌ش کرا.
دواتر په‌یامی هاوبه‌شی کۆمیته‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له گه‌رمیان له‌لایه‌ن "ساڵح پاڵان"یه‌وه خوێندرایه‌وه.
له بڕگه‌ی کۆتایی رێوڕه‌سمه‌که‌دا په‌یامی هاوبه‌شی یه‌کیه‌تییه‌کانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران له گه‌رمیان له‌لایه‌ن خاتوو "له‌یلا خوسره‌وی"ه‌وه خوێندرایه‌وه.
ک/مـــــــــیدیا
بۆ بینینی باقی وێنەکان تکایە ئێرە کلیک بکە.


