به بۆنهی 2ی رێبهندان ساڵـڕۆژی دامهزراندنی کۆماری کوردستان، رێوڕهسمێک لهلایهن یهکیهتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوكاری سەنتەری چالاكیی گەنجانی كۆیە بەڕێوە چوو.
بهپێی ههواڵی گهیشتوو به ماڵپهڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ شەممە، رێکهوتی 27ی بەفرانباری 1390ی هەتاوی، یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە هاوكاری سەنتەری چالاكیی گەنجانی كۆیە بە بەشداریی بەڕێز "تەیموور مستەفایی" ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، نوێنەری حیزب و رێكخراوە سیاسی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، مامۆستایانی زانكۆ و خوێندكار و لاوان لە شاری كۆیە رێوڕەسمێک بە بۆنەی 2ی رێبەندان 66مین ساڵیادی دامەزرانی كۆماری كوردستان بەڕێوە چوو.
رێوڕەسمەكە بە راگرتنی خولەكێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان، بە تایبەتی شەهیدانی كۆماری كوردستان دەستی پێكرد. پاشان پەیامی هەیئەتی ئیجرایی یەكیەتیی لاوان لەلایەن "حیسام ئەحمەدی" جێگری سكرتێری گشتیی یەكیەتیی لاوانەوە پێشكەش كرا. دواتر پەیامی فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە شاری كۆیە لەلایەن "د. رزگار فەقێ" سەلیمەوە خوێندرایەوە.
لە بەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا شاعێری نیشتمانپەروەری شاری كۆیە "مامۆستا فازڵ شەورۆ" شێعرێكی لە یادی كۆمار و پێشەوا قازی محەممەد پێشكەش كرد. پاشان لەلایەن پێشكەشكاری رێورەسمەكە خاتوو "نەرمین عوسمانی" ئەو پەیامانەی بۆ رێوڕەسمەكە هاتبوون خوێندرانەوە كە بریتین لە:
1. مەڵبەندی 14ی رێكخستنی كۆیەی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان
2. مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆیە
3. حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان / بازنەی كۆیە
4. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان – لقی كۆیە
5. پارتی پارێزگارانی كوردستان – ناوچەی كۆیە
6. یەكیەتیی لاوانی دێموكرات لە كوردستانی ئێراق – لیژنەی كۆیە
7. یەكیەتیی گشتی قوتابیانی كوردستان – سەنتەری كۆیە
8. یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستان – ناوەندی كۆیە
9. یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
10. كۆمیتەی زاگرۆسی ژنانی حدک ئێران
11. شاعێری گەنجی شاری كۆیە هیوا حەلاق
12. كۆمیتەكانی ئازادی و راگەیاندنی یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
لە بەشی دووههمی رێوڕەسمەكەدا داوا لە بەرێز "تەیموور مستەفایی" ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک ئێران كرا باسێک لەسەر 2ی رێبەندان پێشكەش بكات. بهڕێزیان لە باسەكەیدا ئاماژەی بە باردۆخی ئەو كاتی كۆمەڵگای كوردستان و چۆنیەتی دامەزرانی حیزبی دێموكرات و پاشان كۆماری كوردستان كرد. لە بەشێكی باسەكەیدا باسی لە كار و كردەوەكانی كۆمار و هۆكارەكانی رووخانی ئەو كۆمارە جوانە مەرگە كرد. لە كۆتایی باسەكەیدا بەشدارانی باسەكە را و سرنجی خۆیان دەربـڕی و پاشان لەلایەن بەرێزیانەوە وڵام درانەوە. لە رێوڕەسمەكەدا هەیئەتێک لە بەڕێوبەریی سەنتەری چالاكی گەنجانی كۆیە و یەكیەتیی لاوانی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرستی بەرێزان "ئەمین بابان" و "فواد خاكی بەیگی" بەشدار بوون.
ک/مــــــــیدیا








