ک/مــــــــیدیا: سه‌رۆک وه‌زیرانی بریتانیا، هۆشداریی به رێژیمی ئێران داوه جیهان له کاتی داخرانی ته‌نگه‌ی هورموزدا هه‌ڵوێست ده‌گرێت.
به‌گوێره‌ی راپۆرتی هه‌واڵده‌ریی فه‌ڕانسه، سه‌رۆک وه‌زیرانی بریتانیا، ئێستا که له عه‌ره‌بستانی سعوودییه و له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌ریی ئه‌لعه‌ره‌بییه، هۆشداریی به رێژیمی ئێران داوه که ئه‌گه‌ر تاران ته‌نگه‌ی ستراتیژیکی هورموز دابخات جیهان له به‌رانبه‌ریدا هه‌نگاوێکی عه‌مه‌لی هه‌ڵده‌گرێت.
ده‌یڤید کامێرۆن گوتوویه‌تی: "به قازانجی هه‌موو لایه‌که که ته‌نگه‌ی هورموز به کراوه‌یی بمێنێته‌وه و ئه‌گه‌ر هه‌ر باسێک له‌سه‌ر داخرانی ته‌نگه‌ی هورموز بێته ئاراوه، من دڵنیام که هه‌موو جیهان به هاوکاریی یه‌کتر بۆ کراوه مانه‌وه‌ی ته‌نگه‌ی هورموز یه‌ك ده‌نگ ده‌بن".
ده‌یڤید کامێرۆن له‌حاڵێکدا میوانی وڵاتی عه‌ره‌بستانی سعوودییه که وڵاتانی رۆژئاوایی له هه‌وڵی ئه‌وه دان، ته‌حریمی توندوتۆڵ‌تر له دژی ئێران و به‌تایبه‌ت نه‌وتی ئه‌و وڵاته بسه‌پێنن.
ماوه‌یه‌که بڵاوکراوه‌کانی جیهان باس له رازی بوونی عه‌ره‌بستانی سعوودی بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی زێده‌تر له‌مه‌ڕ که‌م کردنه‌وه نه‌وتی ئێران له بازاره‌کان جیهاندا ده‌که‌ن.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌مریکا چه‌ند ناوی فڕۆکه‌هه‌ڵگری ره‌وانه‌ی ئاوه‌کانی ده‌ریای "عومان" کردووه و به‌پێی وته‌ی لێپرسراوانی ئه‌مریکایی، ئه‌و ناوانه بۆ پشتیوانیی شه‌ڕی ئه‌فغانستان هاتوونه‌ته ناوچه و ئه‌گه‌ر پێویست بێت ره‌وانه‌ی ئاوه‌کانی که‌نداوی فارس ده‌کرێن.


